Skip to content
krd24.netkrd24.net

ترەمپ: کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا زۆر باش بوو

ترەمپ: کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا زۆر باش بوو
سیاسی
جیهان گەرووی هورمز ئەمریکا ئێران

سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: واشنتن لە هەر شوێنێکی خاکی ئێران هەست بە چالاکیی ئەتۆمی بکات بۆردومانی دەکات، تەنانەت رەنگە ناچار بین "شاخی کوڵەنگ"لەو وڵاتە بکەینە ئامانج.

سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی عەرەبی، کۆمەڵێک لێدوانی هەستیاری لەبارەی دۆخی ناوچەکە، گەرووی هورمز و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران خستە روو.

ترەمپ لە وتەکانیدا ئاماژەی بە گرنگیی ستراتیژیی رێڕەوە دەریاییەکان کرد و گوتی: "ئێستا بڕێکی یەکجار زۆر لە نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕدەبێت". جەختی لەوەش کردەوە، لەوانەیە ناچار بن شاخی کوڵەنگ لە ئێران بۆردومان بکەن.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، سەرۆکی ئەمریکا پەردەی لەسەر گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات هەڵدایەوە و رایگەیاند: کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئەمریکا و شاندی ئێران "زۆر باش"بووە. هاوکات باسی لە گۆڕانی باڵانسی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و گوتی: پێشتر ئێران لە ناوچەکەدا وەک هێزێکی شەڕەنگێز و خۆسەپێنەر دەردەکەوت، بەڵام ئەمڕۆ بە تەواوەتی لەو پێگەیەدا نەماوە.

سەبارەت بە ئاسۆی پەیوەندییەکان و کاتی کۆتاییهاتنی ئەم گرژییانە، ترەمپ لەو بڕوایەدایە ئەو دۆخەی ئێستا لەگەڵ ئێران هەیە، دەکرێت دوای هەڵبژاردنی نیوەخول کۆتایی پێبێت، یان تەنانەت دەکرێت زووتریش لەوە یەکلا بکرێتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا هێڵی سووری وڵاتەکەی بەرانبەر بە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دووپات کردەوە و گوتی: لە هەر شوێنێکی ئێران هەست بە بوونی چالاکیی ئەتۆمی بکەین، بۆردومانی دەکەین. من تەنیا بیرم لای ئەوەیە کۆتایی بە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران بهێنم؛ بە هەر جۆر و شێوازێک بێت ئەو هەڕەشەیە لەناو دەبەین، جا چ لە رێگەی گەیشتن بە ڕێککەوتنەوە بێت، یان بە خێرایی کۆتایی بە تەواوی ئەم دۆخە دەهێنین.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news