Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئاکپارتی: تورکیا بە میکانیزمی خۆی پرسی کورد چارەسەر دەکات پێویستمان بە لایەنی سێیەم نییە

ئاکپارتی: تورکیا بە میکانیزمی خۆی پرسی کورد چارەسەر دەکات پێویستمان بە لایەنی سێیەم نییە
سیاسی
تورکیا پرسی کورد لە تورکیا

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند وڵاتەکەی بە میکانیزمە ناوخۆییەکانی خۆی پرسی کورد چارەسەر دەکات و پێویستی بە هیچ چاودێر و لایەنێکی سێیەم نییە، ئاشکراشی کرد کە دەستەیەکی چاودێری لە نێو پەرلەمان بۆ پڕۆسەی ئاشتی پێکدەهێندرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، عەبدولحەمید گول، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە پەرلەمانی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەیەکی تورکی رایگەیاند، بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ئاشتی "دەستەی چاودێری"دابمەزرێت. روونیشیکردەوە ئەم دەستەیە لە لایەکەوە بە ناوی گەلەوە چاودێریی رەوشەکە دەکات و زانیارییەکان کۆدەکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە پێشنیازی نوێ پێشکەش دەکات و لە کاتی پێویستدا داوای دەرکردنی یاسای نوێ دەکات.

سەرکردەکەی ئاکپارتی باسی لەوەش کرد کە لە ماوەیەکی نزیکدا چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری دەکرێت و سەرجەم هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانیش بە هەستیاری و چاوکراوەییەکی زۆرەوە بەردەوامی بە ئەرک و کارەکانیان دەدەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبدولحەمید گول تیشکی خستە سەر پرسی دەستووری تورکیا و ئاماژەی بەوە دا، ئێستا لە بەردەم پەرلەمانی تورکیادا ئەرکێکی گەورە هەیە کە ئەویش داڕشتن و نووسینەوەی دەستوورێکی نوێیە، هاوکات پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە بە دەنگی 467 پەرلەمانتار، هیوای گەورەی بۆ هێنانەکایەی دەستوورێکی نوێ لە وڵاتدا دروست کردووە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news