سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا کۆبووەوە و رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە جەنگی ئۆکراینا کۆتایی پێبێت و هەریەک لە ڤلادیمێر پووتین و زیلینسکی دەیانەوێت شەڕەکە بوەستێت. هاوکات ترەمپ ئاشکرای کرد شاندەکەی بە سەرۆکایەتیی جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێریی "زۆر بەرهەمدار"یان لەگەڵ شاندی ئێران ئەنجامداوە.
سێشەممە 22ی ئەیلوولی 2026، لە میانی دیدارێکی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی بۆ هێنانەدی ئاشتی و گوتی: پێموایە هەردوو سەرۆکی رووسیا و ئۆکراینا دەیانەوێت جەنگەکە کۆتایی پێبێت؛ لە راستیدا کاتی ئەوە هاتووە شەڕەکە بوەستێنرێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەکوژرێن. ئێمە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بەردەوام گفتوگۆ دەکەین و دڵنیام ئەنجامێکی دەبێت و دەگەنە رێککەوتن.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی خۆڕاگریی گەلی ئۆکراینای کرد و رایگەیاند: ئۆکراینییەکان جەنگاوەری زۆر باشن و دەتوانن بە راستی شانازی بە خۆیانەوە بکەن؛ ئەوان گەلێکی زۆر بەتوانان و خاوەنی سەرکردایەتییەکی لێهاتوون.
سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئۆکرایناش بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوت و کەرتی دیزڵی رووسیا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە گورزێکی زۆر قورس بوون لە رووسیا، بەڵام لە هەمان کاتدا بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و دیزڵ لە بازاڕەکاندا، و لە دیدارەکەیدا لەگەڵ زێلێنسکی تاوتوێی دەکەن.
کۆبوونەوەی سێ کاتژمێری لەگەڵ ئێران بە ئامادوبوونی عێراقچی: یان پێشکەوتن یان لەناوچوون
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا پەردەی لەسەر دانوستانە نوێیەکانی لەگەڵ تاران هەڵدایەوە و رایگەیاند، شاندێکی ئەمریکا بە بەشداریی جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێرییان لەگەڵ شاندی ئێرانی ئەنجامداوە کە تەنیا کاتژمێرێک پێش دیداری لەگەڵ زێلێنسکی کۆتایی هاتووە.
ترەمپ کۆبوونەوەکەی بە زۆر باش و بەرهەمدار وەسف کرد و گوتی: کۆبوونەوەیەکی دیکەش لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دیاریکراوە؛ ناتوانم وێنای بکەم بۆچی دەبێت ئێران رێککەوتن نەکات، چونکە ئەوان لەبەردەم دوو بژاردەی دیاریکراودان: یان گەورەیی و پێشکەوتنی وڵاتەکەیان لە رێگەی رێککەوتنەوە، یان لەناوچوونی تەواوەتی.
لەبارەی هەڵوێستی بەریتانیاش لە جەنگی ئۆکراینادا، ترەمپ رەخنەی لە زمانی توندی سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا گرت بەرامبەر مۆسکۆ، بەڵام جەختی کردەوە، ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا سیاسەتێکی باشی هەیە و بە تەواوی لە پاڵ ئۆکراینادایە.
میدیای فەرمیی ئێران، دووپاتی کردەوە، عەباس عێراقچی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا کۆبووەتەوە و بڵاوی کردووەتەوە، تەنیا بۆ گەیاندنی هەڵوێستی نەگۆڕ و مەرجەکانی لەبارەی گەرووی هورمز داواکاریی ئەمریکای بۆ کۆبوونەوە قبووڵ کردووە.
بەگوێرەی میدیای ئێران مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بریتین لە: هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران؛ ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم دارایی و پارە سڕکراوەکانی ئێران و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکانی بەرەی مقاوەمە.
بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ناوچەیی بۆ ئەکسیۆس ئاشکرایان کرد کە لە لایەنی ئەمریکاوە هەریەک لە جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، و لە لایەنی ئێرانیشەوە عەباس عێراقچی بەشدار بوون؛ ئەمەش یەکەمین گفتوگۆی ڕاستەوخۆیە بۆ دۆزینەوەی دەرفەتێک بە مەبەستی شکاندنی چەقبەستوویی ئەو جەنگەی کە ماوەی حەوت مانگە بەردەوامە.
هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی (NBC)ی ڕاگەیاند، ترەمپ ئامادەیە ڕاستەوخۆ لە نیویۆرک لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببێتەوە، چونکە باوەڕی وایە گفتوگۆکردن بۆ چارەسەری کێشەکان گرنگە، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دیدارێکی لەو شێوەیە دیاری نەکراوە.




