دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مێتە فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک و جێنس فرێدریک نیلسن، سەرۆکوەزیرانی گرینلاند بە فەرمی رێککەوتنێکی نوێ و فراوانتری ئەمنییان لەبارەی داهاتووی دوورگەی گرینلاند واژۆ کرد.
سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە دەستپێکی گوتارەکەیدا سوپاسی هەردوو سەرۆکوەزیرانی دانیمارک و گرینلاندی کرد و گوتی: ئەمە گەشتێکی سەرسوڕهێنەر بوو لەگەڵ دوو کەسایەتیی مەزندا. ئێمە پەیوەندییەکی ئەمنیی زۆر پتەومان دەبێت و زۆر بە توندی پێکەوە کار دەکەین.
ئاماژەشی دا، ئەم رێککەوتنە مێژووییە و کاتێکی زۆری خایاندووە؛ ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ مێژوو، بۆ چەندین دەیە و لەوانەیە چەندین سەدە، نزیکەی هەموو سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا باسی ئەم بابەتەیان کردووە و هەندێکیان بە راستی دەیانویست بیکەن بەڵام هەرگیز نەکرابوو، بەڵام ئێمە توانیمان جێبەجێی بکەین.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە گرنگیی بەڵێننامەکە کردەوە و رایگەیاند: ئەمە دەستکەوتێکی مەزنە بۆ ئەوروپا، بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بۆ گرینلاند. خەڵکی گرینلاند و دانیمارک کەسانێکی ناوازەن و دڵنیام ئەم پەیوەندییە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ بە شێوەیەکی فەنتاستیک بەردەوام دەبێت.
لە لایەن خۆشییەوە، مێتە فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک لە میانی گوتارەکەیدا رووی دەمی کردە دۆناڵد ترەمپ و گوتی: سەرۆک، پەیامی تۆ زۆر روون بوو لەوەی کە ناتەوێت نەیارەکان زۆر لێمان نزیک ببنەوە، منیش بە تەواوی هاوڕام لەگەڵت؛ بەم رێککەوتنەش دڵنیایی دەدەین کە نەیارەکان ناتوانن نزیک ببنەوە و هەرگیز رێگەیان پێنادرێت هیچ کۆنترۆڵ یان هەژموونێکی بەرچاو لە گرینلاند بەدەستبهێنن.
فرێدریکسن ئاماژەی بەوەش کرد کە دانیمارک هاوپەیمانێکی بەوەفایە و رایگەیاند: ئەمڕۆ رێککەوتنێکی زۆر گەورەتر و باشتر واژۆ دەکەین کە دەتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت؛ ئەم لێکتێگەیشتنە بۆ ئەمریکا، بۆ گرینلاند، دانیمارک، ناتۆ و تەواوی ئەوروپا زۆر گرنگە. داننانە بە رۆڵی مێژوویی و بەردەوامی ئەمریکا لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، دانیمارکیش هەمیشە هاوپەیمانێک بووە کە ئەمریکا توانیویەتی پشتی پێ ببەستێت.
هاوکات جێنس فرێدریک نیلسن، سەرۆکوەزیرانی گرینلاند لە گوتارەکەیدا دڵسۆزیی تەواوەتیی وڵاتەکەی بۆ بەرەی رۆژئاوا دووپاتکردەوە و رایگەیاند: ئێمە دۆستێکی دڵسۆز و نەگۆڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووین، ئێستاش دۆستین و بۆ هەمیشەش بە دۆستی دەمێنینەوە، هاوکات بەشێکی دانەبڕاوین لە هاوپەیمانیی رۆژئاوا.
سەرۆکوەزیرانی گرینلاند پەیامێکی روونی ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و گوتی: ئاسایشی ئێوە ئاسایشی ئێمەیە، و ئاسایشی ئێمەش ئاسایشی ئێوەیە؛ ئەم رێککەوتنەش دەبێت ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا کۆتایی بە هەموو ئەو گومانانە بهێنێت کە باس لەوە دەکەن دڵسۆزیی گرینلاند بۆ کێیە، چونکە پابەندبوونمان بەم هاوپەیمانێتییە و بەو ئاسایشەی پێکەوە بنیادی دەنێین بە هیچ شێوەیەک جێگەی گومان و پرسیار نییە.




