فاشن دیزاینەر و باڵیۆزی کولتووری جلوبەرگی کوردی، داوا لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەکات، بە شێوەیەکی فەرمی بێتە دەنگ و لەگەڵ براندی "لوی ڤیتۆن"بکەوێتە گفتوگۆ، سەبارەت بەو لێکچوونە زۆرەی لە نێوان نوێترین دیزاینی ئەو براندە و پارچەیەکی کەلەپووریی کوردیدا هەیە، هاوکات جەختی لە پێویستیی تۆمارکردنی یاسایی میراتی کوردی کردەوە.
سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، لارا دزەیی، فاشن دیزاینەر و باڵیۆزی کولتووری جلوبەرگی کوردی، لە پەیامێکی فەرمیدا داوای لە وەزارەتی رۆشنبیری و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرد بە شێوەیەکی دامەزراوەیی و فەرمی بێنە پێشەوە بۆ بەدواداچوونی کەیسی لێکچوونی دیزاینێکی براندی"لوی ڤیتۆن"لەگەڵ پارچەیەکی کەلەپووریی کوردی.
دزەیی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەنگدانەوە و نیگەرانییەکانی خەڵک لە سۆشەڵ میدیادا گرنگن بۆ دروستکردنی هۆشیاری، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پاراستن، ناساندن و بەڵگەدارکردنی کەلەپووری کولتووری ئەرکی سەرەکیی دامەزراوە فەرمییەکانە، بۆیە پێویستە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی روونی خۆی و هەنگاوەکانی داهاتووی لەگەڵ رای گشتیدا هاوبەش بکات.
سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە، ئەو فاشن دیزاینەرە هۆشداری دا لە پەنابردنی بێسەروبەر بۆ رێکاری یاسایی و ڕووبەڕووبوونەوەی خێرا، بەو پێیەی پاراستنی یاسایی دیزاینە نەریتییەکان بابەتێکی تەواو ئاڵۆزە. لەبری ئەوە، پێشنیاری کرد کە وەزارەت بە هاوکاریی پسپۆڕانی یاسایی و بواری کەلەپوور، بناخەیەکی یاسایی تۆکمە بۆ پاراستنی ئەم پارچەیە و تەواوی کەلەپووری کوردی دابڕێژێت.
لارا دزەیی یەکەم و گرنگترین هەنگاوی بە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ کۆمپانیای "لوی ڤیتۆن"دانا و گوتی: پێویستە وەزارەت بە فەرمی پەیوەندی پێوە بکات، بەڵگە و دۆکیومێنتە مێژووییەکانی ئەم پارچە کەلەپوورە کوردییەیان پێشان بدات و، داوای روونکردنەوە بکات لەسەر ئەو لێکچوونە زۆر دیارە و پرۆسەی داهێنان لە پشت دیزاینەکەوە.
هاوکات تیشکی خستە سەر جیاوازیی نێوان ئیلهاموەرگرتن لە کولتوورێک و دووبارە بەکارهێنانەوەی بەشێکی ناسراوی ئەو کولتوورە بەبێ ناساندنی سەرچاوەکەی و رایگەیاند: وەک دیزاینەرێکی کورد، دەمەوێت کولتووری کوردی لە ئاستی جیهاندا ببینرێت و ببێتە ئیلهامبەخش، بەڵام ئیلهام دەبێت لەگەڵ رێز، دانپێدانان و بەرپرسیارێتیدا بێت؛ ناکرێت میراتەکەمان لەسەر شانۆی جیهانی پیشان بدرێت بەڵام لە خەڵک و مێژووەکەی داببڕێنرێت
باڵیۆزی کولتووری جلوبەرگی کوردی داوای کرد ئەمە ببێتە دەرفەتێک بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی ستراتیژیی درێژخایەن لە رێگەی میکانیزمەکانی مافی خاوەندارێتیی هزری، وەک (مارکەی بازرگانی، مافی لەبەرگرتنەوە، پاراستنی دیزاین، و نیشانە جوگرافییەکان)، تاوەکوو دیزاین، نەخش و هێما تایبەتەکانی کورد بە فەرمی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تۆمار بکرێن و لە سڕینەوە و بەکارهێنانی ناڕەوا بپارێزرێن.




