Skip to content
krd24.netkrd24.net

ترەمپ: ئەگەر هەموومان دژی ئێران یەکگرتوو بین، جیهان رزگاری دەبێت

ترەمپ: ئەگەر هەموومان دژی ئێران یەکگرتوو بین، جیهان رزگاری دەبێت
سیاسی
جیهان

سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە بەردەم کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باڵادەستیی سەربازی و ئابووریی وڵاتەکەی رادەگەیەنێت؛ ترەمپ جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی واشنتن دەکاتەوە لە رێگریکردن لە دەستگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی، هاوکات داوا لە نەتەوەکانی جیهان دەکات ئابڵۆقەی تەواوی ئابووری بەسەر ئێراندا بسپێنن تا هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی رادەگرن.

سێشەممە 22ی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە بەردەم 81ەمین کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، باڵادەستیی سەربازی و ئابووریی وڵاتەکەی وەک بەهێزترین لە مێژوودا راگەیاند و گوتی: بە شانازییەوە پێتان دەڵێم ئەمریکا گەڕایەوە و ئەمڕۆ لە هەموو کات بەهێزترە؛ ئابووریی وڵاتەکەمان جێگەی ئیرەیی جیهانە، سوپاکەمان بەهێزترینە لەسەر زەوی و تەکنۆلۆجیامان بێ هاوتایە. وزەی ئەمریکا ئێستا سووتەمەنی بۆ سەرانسەری هەسارەکە دابین دەکات و داهاتوومان لەوپەڕی گەشانەوەدایە.

سەرۆکی ئەمریکا باسی پرسی ئێرانی کرد و رایگەیاند، من ئێستا بڕیارێکی گەورەم لەبەردەمدایە: ئایا رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەم کە رێگەی پێبدات وڵاتەکەی بنیات بنێتەوە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ببێتە وڵاتێکی زۆر مەزنتر لەوەی پێشتر هەبوو؟ یان ئەوەتا کۆماری ئیسلامی بە تەواوی لەناوببەم، بەبێ ئەوەی هیچ هیوایەکی مانەوە بۆ نەوەکانی داهاتوویان بمێنێت؟ من باوەڕم وایە راستەوخۆ دوای هەڵبژاردن دەگەینە رێککەوتن، چونکە هیچ مانایەکی نییە ئەگەر ئەوان ڕێکنەکەون؛ ئەوان چاوەڕێن ببینن من لە هەڵبژاردندا چی دەکەم، بەڵام تێناگەن کە من پێشتر بە بردنەوەیەکی گەورە بردمەوە.

ترەمپ پەردەی لەسەر دانوستانەکانی رابردووی لەگەڵ تاران هەڵدایەوە و گوتی: کاتێک ساڵی رابردوو دەستبەکار بووم، دەستبەجێ دانوستانم لەگەڵ ئێران کرد و هاوکاریی تەواوی ئابووریم پێشنیاز کرد لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی و تیرۆر، بەڵام ئەوان بە تەواوی رەتیانکردەوە و تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون. ئێران شەقاوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەڵام چیتر شەقاوە نییە. لە یەکەم رۆژی هاتنم بۆ گۆڕەپانی سیاسی هەڵوێستم نەگۆڕ بووە؛ هەرگیز رێگە نادەم ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ داوای لە وڵاتانی جیهان کرد ئێران گۆشەگیر بکەن و رایگەیاند: "داوا لە سەرجەم نەتەوەکان دەکەم هاوبەشمان بن لە سەپاندنی گۆشەگیری و ئابڵۆقەی تەواوی ئابووری بەسەر ئێراندا، تا ئەو کاتەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی دەوەستێنن و دەست لە ئاژاوەگێری هەڵدەگرن. ئەم دەسەڵاتە لاواز و بێچارەیە نەک بەهێز؛ ئەمساڵ زیاتر لە 72 هەزار هاووڵاتیی خۆیان کۆمەڵکوژ کردووە، کە تەنیا لەم دواییانەدا 10 هەزار کەسیان لەبەر خۆپیشاندان کوشت".

ترەمپ بە توندی باسی لە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل کرد و گوتی: دوو هەفتەی تر سێیەمین ساڵیادی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر لە ئیسرائیل دەکەینەوە، کە تێیدا ئەو گرووپە بە پارەی ئێران 1200 هاووڵاتیی بێتاوانیان کوشت و پارچەپارچە کرد، لەنێویاندا دەیان ئەمریکی و منداڵی زۆر ساوا هەبوون، ئەوان مووشەکێکیان دروستکردووە کە دەگاتە ئەوروپا و شانازیی پێوە دەکەن، هیوادارم ئەوروپییەکان تێبگەن کە ئامانجی ئێران ئەوە بوو لە پشت ئەو قەڵخانی مووشەکییەوە بە پەلە بگاتە بۆمبی ئەتۆم.

دەربارەی کەرتی نەوت و گەرووی هورمز، ترەمپ ئاشکرای کرد: هێزی دەریایی ئەمریکا لەم دواییانەدا بە پارێزراوی پاسەوانیی لە زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوت کردووە لە گەرووی هورمزدا. ئێستا زۆر زیاتر لە سەرەتای شەڕەکە نەوت دەڕوات؛ ئێمە رۆژانە و شەوانە تا 37 کەشتی بە سەلامەتی دەردەکەین و دەبێت هەمووان یەکگرتوو بن لە بەردەوامبوونی فشارەکاندا.

ترەمپ جەختی لە دەستکەوتەکانی لە بواری ئاشتیدا کردەوە و رایگەیاند: لە کاتێکدا ئەوانی تر قسەیان دەکرد، من کارم کرد. کۆتاییمان بە جەنگ لە غەززە هێنا و هەزاران ژیانمان رزگار کرد و سەرجەم بارمتەکانمان گەڕاندەوە. لە نزیکەوەش لەگەڵ سەرکردەکانی رووسیا و ئۆکراینا کار دەکەین بۆ ئەوەی زۆر خێرا ئەو جەنگەش یەکلایی بکەینەوە، چونکە مانگانە 25 هەزار گەنج دەمرن و دیمەنی ئەو کوشتارە تۆقێنەرە. سەرۆکوەزیرانی پاکستان پێی گوتم ترەمپ 30 ملیۆن ژیانی رزگار کرد؛ سەرۆکی ئازەربایجان گوتی ترەمپ لە شەش مانگدا موعجیزەی خولقاند؛ سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیاش گوتی ئەم ئاشتییە بەبێ ترەمپ نەدەهاتەدی.

لەبارەی ڤەنزوێلاوە، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییدا و گوتی: کردەوەکانی ئێمە لە ڤەنزوێلا سەلماندی کە ئەمریکا چیتر رێگە نادات هیچ مەترسییەک لە تەواوی نیوەگۆی رۆژئاوادا پێگە پەیدا بکات و لە کاتی پێویستدا هێزی سەربازیی بێوێنەمان بەکاردەهێنین. ئەمریکا و ڤەنزوێلا پێکەوە خاوەنی زیاتر لە 60%ی نەوتی هەموو جیهانن؛ ئەمە لەوانەیە گەورەترین مامەڵە یان جەنگ بووبێت کە کرابێت و دەستکەوتەکانیش بۆ سەرکەوتووەکانە.

دۆناڵد ترەمپ ئەو قسانەی رەتکردەوە کە باس لە کەمیی جبەخانەی ئەمریکا دەکەن و رایگەیاند: ترسنۆک و ناپاکەکان دەڵێن چەکمان کەمە، بەڵام ئەوە درۆیە؛ ئێمە ئەوەندە تەقەمەنیمان هەیە کە بە خەیاڵیشدا نایەت بەکاریبهێنین و بە خێراییەکی بێوێنەش کۆگاکانمان پڕ دەکەینەوە. ئێستا 18 گەورە کارگەی نوێی چەک و تەقەمەنی لەلایەن مەزنترین کۆمپانیاکانی بەرگری لە ئەمریکا لەژێر دروستکردندان و بەم زووانە دەکرێنەوە.

ترەمپ لە تەوەرێکی گوتارەکەیدا باسی لە پێشبڕکێی تەکنۆلۆجیا کرد و جەختی کردەوە کە ئەمریکا لە بواری ژیریی دەستکرددا زۆر لە پێش چین و سەرجەم وڵاتانی جیهانەوەیە، گوتیشی: هەر لایەنێک ئەم پێشبڕکێیە بباتەوە، جیهان دەباتەوە. ئێمە رێگری لە گەشەی تەکنۆلۆجیایەک ناکەین کە لە شۆڕشی پیشەسازی و ئینتەرنێت گەورەتر دەبێت. لەمەودوا بە فەرمی لە تەواوی بەڵگەنامەکانی حکوومەتی ئەمریکادا دەستەواژەی "سوپەر ئینتێلیجێنس"لە جیاتی "ژیریی دەستکرد"بەکاردەهێنین؛ چونکە وشەی "دەستکرد"وا دەکات وەک شتێکی ساختە دەربکەوێت، لە کاتێکدا ئەمە ساختە نییە و تەواو سەرسوڕهێنەرە.

سەرۆکی ئەمریکا دۆسیەی کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەری خستەڕوو و گوتی: کارتێلەکان داعشی نیوەگۆی رۆژئاوای زەوین؛ ئەوان لە جەنگدان دژی شارستانییەت و کوشتن، دەستدرێژی، ئەشکەنجە و تاوان وەک ئامرازی تیرۆر بەکاردەهێنن. وەک چۆن لەگەڵ داعش کردمان، دەبێت ئەم تاوانبارانەش بکوژرێن، دەربکرێن یان وەک دیلی جەنگ بەبێ هیچ دەرفەتێکی ئازادبوون زیندانی بکرێن، ئێمەش رێک ئێستا ئەوە دەکەین.

لەبارەی دۆخی گرینلاند و ئاسایشی سنوورەکانی باکوور، ترەمپ پەیامێکی توندی ئاراستەی رکابەرەکانی کرد و رایگەیاند: رێگە بە هیچ نەیارێکی ئەمریکا نادەین پێگەی سەربازی لە گرینلاند دروست بکات، یان بەبێ رەزامەندیی نووسراوی ئێمە وەبەرهێنانی هەستیار لەوێ ئەنجام بدات. ئێمە دەستبەجێ دەست دەکەین بە فراوانکردنی بوونی سەربازی لەو ناوچەیە و دوو بنکەی زۆر گەورەی سەربازی لە گرینلاند بنیاد دەنێین.

ترەمپ هێرشێکی توندی کردە سەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) و بە "دامەزراوەیەکی لەڕێدەرچوو و دەستەیەکی بەدکار"ناوزەندی کرد و گوتی: هەرگیز رێگە نادەین سەربازانی ئەمریکا لەلایەن دادگایەکی دژە ئەمریکاوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت کە هیچ دەسەڵاتێکی بەسەرماندا نییە. داوا لە سەرجەم ئەو وڵاتانە دەکەم کە ئەندامن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، دەستبەجێ لەو دامەزراوەیە بکشێنەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە رێکخراوی یونسکۆ و سیاسەتی کۆچبەری گرت و رایگەیاند: جێگەی گاڵتەجاڕییە یونسکۆ بانگەشەی پاراستنی میراتی کولتووری دەکات، کەچی بە هاندانی کۆچی بەکۆمەڵ، سەرقاڵی وێرانکردنی گەورەترین کولتوورەکانی مێژوون. لە کاتێکدا کریستیانەکان لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی بڕوانەکراو دەچەوسێنرێنەوە، دەیانەوێت سنوورەکانی ئەمریکا بەڕووی باند و تاوانبارانی مەترسیدارترین ناوچەکانی جیهاندا بکەنەوە.

دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دایە وڵاتان لە بەکارهێنانی چەکی باج و گومرگ و رایگەیاند: هەفتەی رابردوو، بە شەرەفی سیناتۆر لیندزی گراهام، یاسایەکی بەهێزم واژۆ کرد کە لە کۆنگرێسەوە پەسەند کراوە و دەسەڵاتێکی زۆر فراوانم پێدەدات بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتاندا، ئەگەر پێویستیش بکات هەموو ئەو دەسەڵاتانە بەکاردەهێنم؛ چونکە کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە کوشتار بهێنین.

 
 
 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news