Skip to content
krd24.netkrd24.net

بە فەرمانی مەسرور بارزانی رێنماییەکانی یاسای خانەنشینی هەموار کرانەوە

بە فەرمانی مەسرور بارزانی رێنماییەکانی یاسای خانەنشینی هەموار کرانەوە
سیاسی
کوردستان فەرمانگەی میدیا و زانیاری

 سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕگەیەکی ڕێنماییەکانی یاسای خانەنشینیی هەموار کردەوە و مافی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ، کەسوکاری پلە یەک و دووی شەهیدانی کوردی فەیلی و شەهیدانی دەزگای فیدراڵیشی گرتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕگەیەکی تایبەت بە رێنماییەکانی یاسای خانەنشینیی هەموار کردەوە و بازنەی سوودمەندبووانی لە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ فراوانتر کرد.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی فەرمانە نوێیەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ژمارە (11760) لە رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2026، بڕگەی (سێیەم/2) لە فەرمانەکانی پێشووتر هەموار کراوەتەوە، لە دەقە هەموارکراوەکەدا بڕیار دراوە، کە مافی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ، جگە لە کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان، ئەم توێژانەی خوارەوەش بگرێتەوە:
- ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهیدانی کوردی فەیلین.
- ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن، کە بەپێی یاسای دەزگای شەهیدانی (ئیتیحادی) ژمارە (2)ی ساڵی 2016ـی هەموارکراو تۆمارکراون.

هەروەها لە فەرمانەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوونی ئەو فەرمانبەرانە لەم بڕیارە، پێشکەشکردنی بەڵگەی فەرمییە لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی دۆسییەکانیان.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news