Skip to content
krd24.netkrd24.net

گۆتێرێس: بە شەڕ کێشەکان یەکلایی ناکرێنەوە

گۆتێرێس: بە شەڕ کێشەکان یەکلایی ناکرێنەوە
سیاسی
جیهان نەتەوەیەکگرتووەکان

 ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، کێبڕکێ بە واتای رووبەڕووبوونەوە نایەت، بەڵکو دەکرێت ببێتە مایەی بەهێزکردنی سەقامگیری، لایەنە ئەرێنییەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی. جەختیشی کردەوە لەوەی کە نە هێزی سەربازی دەتوانێت بە تەنیا ئاشتی دابین بکات، نە هێزی ئابووریش بە تەنیا توانای بەدیهێنانی سەقامگیریی هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد. ئەمڕۆ جیهان بە قۆناخێکی دابەشبوون و درزێکی قووڵدا تێدەپەڕێت و بەرەو سیستمێکی فرەجەمسەری هەنگاو دەنێت، بۆیە هێزی وڵاتانی زلهێز بێسنوور نییە و بە تەنیا هێزی تەکنەلۆژیاش ناتوانێت ئاسایش دەستەبەر بکات.

هەروەها روونیکردەوە ئاستەنگە یەکلاکەرەوەکانی سەردەمەکەمان پەیوەستن بە شێوازی بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە و ئاییندەی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵات لە بوارە جیاوازەکاندا دیاری دەکرێت، جەختیشی کردەوە کە نابێت هێز ببێتە تاکە بڕیاردەر لەسەر بەهای ژیانی مرۆڤەکان.

سەبارەت بە پرسی فەلەستینیش، گۆتێرێس هۆشداریدا لە دۆخی کارەساتباری ناوچە فەڵەستینییەکان و رایگەیاند، ئەو قەبارەیەی وێرانی کە لە خاکی فەڵەستین بینیویەتی، لە تەواوی ژیانیدا هاوشێوەی نەبووە. هاوکات دووپاتیکردەوە کە فراوانبوونی نیشتەجێگەکان لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو، مەترسی و تارمایی "پاکتاوی ڕەگەزی"دەهێنێتە ئاراوە، بۆیە ناکرێت هێز لەو ناوچەیەدا ببێتە بڕیاردەری کۆتایی لەسەر چارەنووس و ژیانی مرۆڤەکان.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، گۆتێرێس داوای کرد چاکسازیی ریشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ئەنجام بدرێت، بەو پێیەی بێبەشبوونی کیشوەری ئەفریقیا لە کورسییەکی هەمیشەیی، بارودۆخێکی نادادپەروەرانەیە و پێویستە دەستبەجێ بگۆڕدرێت. هەروەها داوای کاری پێکەوەیی جیهانی کرد لە سایەی پەیوەستبوونی وڵاتان بە یەکترەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکەوتوو بووە لە بەدیهێنانی یەکسانیی جێندەری لە تەواوی دامەزراوەکانیدا.

پەیوەست بە دۆخی ژینگە، گۆتێرێس باسی لەوە کرد، مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا رۆژ بە رۆژ زیاتر دەردەکەون، بۆیە پێویستە ئەو لایەنانەی دەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە و بەرگەهەوا باجی کارەکانیان بدەن، چونکە جیهان پێویستی بە چەسپاندنی دادپەروەریی کەشوهەوایە.

هەروەها سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین کرد دەست بە دیالۆگێکی هاوبەش لە بواری ژیریی دەستکرددا بکەن، روونیشیکردەوە کە پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا لە توانای تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ لێکەوتەکانی تێپەڕیوە، گۆتێرێس جەختی کردەوە لەوەی مەترسییەکە لە خودی تەکنەلۆژیادا نییە بەڵکو لە نەبوونی چاودێریدایە، هەر بۆیە دەبێت گەرەنتی ئەوە بکرێت کە پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد لە چوارچێوەی رێسای بەرپرسیارانەدا بێت تاوەکو هیچ وڵاتێک لەم کاروانە دوانەکەوێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news