Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئێران: ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکان هەڵبگرێت، لە ماوەی حەوت رۆژ گەرووی هورمز دەکەینەوە

ئێران: ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکان هەڵبگرێت، لە ماوەی حەوت رۆژ گەرووی هورمز دەکەینەوە
سیاسی
ئێران نەتەوەیەکگرتووەکان

بەرپرسێکی باڵای ئێران رایگەیاند، شاندەکەیان لە نیویۆرک دەسەڵاتی تەواویان هەیە بۆ زیندووکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا، گوتیشی: ئەگەری تاوتوێکردنی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان هەیە. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، شاندەکەی وڵاتەکەیان لە نیویۆرک خاوەنی دەسەڵاتی تەواون بۆ زیندووکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا.

 ئەو بەرپرسە روونیشیکردەوە، ئەگەری تاوتوێکردنی وردەکاریی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی نێوەندگیری لە نیویۆرک هەیە.

بەرپرسەکەکەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، تاران پێشنیازی کردووە لە ماوەی حەوت رۆژدا گەرووی هورمز بکاتەوە، ئەگەر واشنتن گوشارە سەربازییەکان کەم بکاتەوە و ئەو گەمارۆیانە هەڵبگرێت کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی "پێشنیازە نوێکەی ئێران لە 16ـی ئەیلوول لە رێگەی نێوەندگیرانەوە رادەستی ئەمریکا کراوە"، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەت بۆ تاوتوێکردنی رێکارەکانی کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان و گەڕاندنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی لە نێوان هەردوو لا دێت.

دوێنێ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانیکی فەرمی بۆ بەشداریی لە 81ـین دانیشتنی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە نیویۆرک، هاوکات ئەمڕۆ سێشەممەش مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری ئێڕان بەرەو ئەمریکا بەرێکەوت بۆ بەشداریی دانیشتنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news