Skip to content
krd24.netkrd24.net

زیاد رەئوف لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی پۆڵۆنیاوە مەدالیای رێزلێنانی پێبەخشرا

زیاد رەئوف لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی پۆڵۆنیاوە مەدالیای رێزلێنانی پێبەخشرا
هونەری
کوردستان

زیاد رەئوف، بەهۆی هاوکارییە درێژخایەنەکەی لەگەڵ کۆمەڵگەی هونەری و پشتگیریکردنی هونەرمەندانی شێوەکاری و پەیکەرتاشی، بە مەدالیای 115 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای هونەرمەندانی پۆڵەندا رێزی لێ گیرا.

سێشەممە، 22ی ئەیلوولی 2026، زیاد رەئوف، دیپلۆماتکار و نوێنەری فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لـە وڵاتی پۆڵەندا بەی راگەیاند، "ئەم مەدالیای رێزلێنانە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری لقی کراکۆڤی سەندیکای هونەرمەندانی پۆڵۆنیا بەمن بەخشراوە، وەک نیشانەی رێز و پێزانین بۆ هاوکارییە درێژخایەنەکەم  لەگەڵ کۆمەڵگەی هونەری و پابەندبوونم بە پشتیوانی و پەرەپێدانی هونەر."

زیاد رەئوف سەبارەت بە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە گوتی، "ئەم رێزلێنانە تایبەتە بەو کەسانە و دامەزراوانەی کە لە بواری هونەردا رۆڵی پشتگیریکەر دەبینن و هەوڵ دەدەن هونەر زیاتر لە ژیانی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریدا بەرجەستە بێت. لە هەمان کاتدا، مەدالیای 115 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکاکە نیشانەی پێزانینە بۆ ئەو هاوکاری و پشتگیرییەی کە من لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە بواری هونەریدا پێشکەشم کردووە."

 زیاد رەئوف جەختی لەوەش کردەوە، "من بۆ ماوەی 15 ساڵ پەیوەندییەکی بەردەوامم لەگەڵ لقی کراکۆڤی سەندیکای هونەرمەندانی پۆڵۆنیا هەبووە و لەم ماوەیەدا بە شێوەیەکی بەردەوام لە پشتگیریکردنی هونەرمەندانی پۆڵەندی، بە تایبەتی هونەرمەندانی شێوەکاری و پەیکەرتاشی، بەشداریم کردووە."

سەبارەت بە هوکارییەکانی خۆی بۆ پشتگیریکردنی هونەرمەندان، زیاد رەئوف دەڵێت، "هاوکارییەکانی من تەنیا لە پشتگیریکردنی هونەرمەنداندا نەماوەتەوە، بەڵکو پشتیوانی لە پێشخستنی کارە هونەرییەکانیان و ناساندنی بەرهەمەکانیانیشی لەخۆ گرتووە. هەروەها هەوڵەکانم بۆ دروستکردنی دەرفەت بۆ پێشکەشکردنی هونەر بە خەڵک و کۆمەڵگە، بەشێک بووە لەو هاوکارییە درێژخایەنەی کە لەگەڵ کۆمەڵگەی هونەری بەردەوام بووە."

زیاد رەئوف گوتیشی، "هونەر تەنیا بواری بەرهەمهێنانی کارە جوانەکان نییە، بەڵکو رۆڵێکی گرنگی لە دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان و نزیککردنەوەی مرۆڤەکان لە یەکتر دەبینێت، و پشتگیریکردنی هونەرمەندانیش بەشێکە لە بەهێزکردنی ئەو رۆڵە."

زیاد رەئوف باس لە مەدالیای 115 ساڵەی دامەزرانی سەندیکای هونەرمەندانی پۆڵەندا دەکات و دەڵێت، "بەخشینی مەدالیای 115 ساڵەی دامەزرانی سەندیکای هونەرمەندانی پۆڵۆنیا بە من، لوتکەی هاوکارییە درێژخایەنەکانی منە لەگەڵ کۆمەڵگەی هونەرییە. لە ماوەی ئەم هاوکارییەدا پشتگیریکردنی هونەرمەندانی شێوەکاری و پەیکەرتاش و جۆرەکانی دیکەی هونەری بینراو، هەروەها پێشخستنی کارەکانیان و هەوڵدان بۆ گەیاندنی بەرهەمەکانیان بە خەڵک، لە گرنگترین بوارەکانی چالاکییەکەم بووە."

زیاد رەئوف باسی لەوەش کرد، "ئەم رێزلێنانە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی پۆڵۆنیاوە بەمن بەخشراوە؛ دامەزراوەیەک کە مێژووی دامەزرانی دەگەڕێتەوە بۆ 115 ساڵ پێش ئێستا و لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بووەتە بەشێک لە ژیانی هونەری و کولتووری پۆڵۆنیا."

زیاد رەئوف، دیپلۆماتکار و نوێنەری فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لـە وڵاتی پۆڵەندا. ئەو کوڕی بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری هەولێرە و زۆرتر لە نیو سەدەیە لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەر دەبات. ئەو یەکێکە لە هاودامەزرێنەرانی سەنتەری کوردی بۆ زانیاری و دۆکیۆمێنتاری لە شاری کراکۆڤ. هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی مۆزەخانەی مێژوویی شاری کراکۆڤە و مەدالیای رێزلێنان لەلایەن سەرۆکی شارەوانی کراکۆڤەوە پێبەخشراوە. ناوبراو خاوەنی خولیایەکی زۆرە لە کۆکردنەوەی بەرهەمە هونەرییەکان و کۆکەرەوەی نزیکەی شەش هەزار کاری ناوازەی هونەرییە.

لە ساڵانی رابردوودا، بەهۆی پێگەی دیپلۆماسییەکەیەوە لە ئەوروپا، هەمیشە وەک سەرچاوەیەکی فەرمی بۆ لێدوان و وتووێژ لە میدیاکاندا دەرکەوتووە، بەتایبەت لە کاتی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆچبەرانی کورد لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا و بیلاڕووس.

 
گەرمیان گلی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news