Skip to content
krd24.netkrd24.net

عەلی زەیدی بانگهێشتی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت دەکات

عەلی زەیدی بانگهێشتی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت دەکات
سیاسی
عێراق واشنتن نەتەوە یەکگرتووەکان بەغدا

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، بڕیارە عەلی زەیدی لە نیویۆرک دیدگای وڵاتەکەی لەسەر ئاسایش و ئابووریی ناوچەکە لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان بخاتەڕوو، هاوکات لەگەڵ ئەمریکاش هەوڵی گواستنەوەی پەیوەندییەکان دەدەن بۆ ئاستێکی ستراتیژیی تایبەت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دیدگای وڵاتەکەی لەبارەی ئاسایش و ئابووریی ناوچەکە لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان دەخاتەڕوو. عەبوودی روونیکردەوە، عێراق و ئەمریکا جەخت لەسەر پەرەپێدانی هاوبەشیی نێوانیان و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستێکی ستراتیژیی تایبەت دەکەنەوە.

حەیدەر عەبوودی بە میدیای فەرمی حکوومەتی عێراقی گوت: شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی زەیدی گەیشتوونەتە نیویۆرک و دەستیان بە کارەکانیان کردووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی خولی 81ـەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، شاندەکە کارەکانیان بە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستپێکردووە و هەردوو لا ئاستی هاوکارییە هاوبەشەکان و رێگەکانی پەرەپێدانی هاوبەشییەکەیان تاوتوێ کردووە، راشیگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە خواستی واشنتن بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستێکی ستراتیژیی تایبەت کردووەتەوە.

باسی لەوەشکرد، زەیدی لەو کۆبوونەوانەدا جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە لە رێگەی هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنان، راکێشانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت و جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ کردووەتەوە.

لەبارەی دۆخی ناوچەکەشەوە، حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکان پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئابووریی وڵاتانیان لەخۆگرتووە، دەشڵێت، عێراق سوورە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسیی بەردەوام کە یارمەتیدەر بێت لە دابینکردنی وزە و هەناردەی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان.

حەیدەر عەبوودی روونیکردەوە، عێراق یەکێکە لە گرنگترین وڵاتانی دابینکەری نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان، حکوومەت لە چوارچێوەی دیدگا و بەرنامەکەیدا، هەوڵ دەدات تا ساڵی 2030 ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی خاو بۆ 10 ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە.

خشتەی کارەکانی سەردانەکە پێشوازییکردن لە سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە شوێنی مانەوەی سەرۆکوەزیران و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لەخۆگرتووە، شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی زەیدی سبەی چوارشەممە دەچنە بارەگای کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەشداریکردن لە دەستپێکی کارەکانی خولی 81ـەمی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

گوتەبێژەکەی حکوومەتی عێراق روونیکردەوە، عێراق لە رێگەی ئەو پەیوەندییانەوە بەرەو ئەوە دەچێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە لایەنی ئەمنییەوە بۆ پەیوەندیی ئابووریی بەردەوام بگوازێتەوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news