Skip to content
krd24.netkrd24.net

قوتابخانەکان چاوەڕێی بەشە نەوتی زستانن

قوتابخانەکان چاوەڕێی بەشە نەوتی زستانن
گشتی
کوردستان نەوتی سپی وه‌رزی زستان قوتابخانە

بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، داوا دەکەن پێش هاتنی وەرزی سەرما نەوتی سپییان بۆ دابین بکرێت، هەرچەندە بەشێک لە قوتابخانەکان نەوتی ساڵی رابردوویان ماوەتەوە.

وەجیهـ سەعید، بەڕێوەبەری پەروەردەی ئامێدی لە لێدوانێکدا بۆ، رایگەیاند، 153 قوتابخانە، زیاتر لە 26 هەزار قوتابی و چوار هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە سنوورەکەیان هەن و ساڵانە هەر پۆلێکی قوتابخانەکان پێویستی بە 120 تاوەکوو 150 لیتر نەوتی سپی هەیە. 

گوتیشی، بەشێک لە نەوتی ساڵی رابردوویان ماوە و دەتوانن چەند مانگێک لە وەرزی سەرما ئەو نەوتە بەکاربهێنین، بەڵام گرنگە پێش وەرزی بەفربارین و زستان تەواوی نەوتی قوتابخانەکان دابین بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە ئیڤان جانێ، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران، بەـی گوت، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو دابینکردنی نەوت بۆ قوتابخانەکان کەمێک دواکەوتووە. ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە زۆرینەی قوتابخانەکان نەوتی ساڵی رابردوویان ماوە، بەڵام بەشی تەواوی وەرزی سەرما و زستان ناکات، لەبەر ئەوەی ناوچەکەیان بەتایبەتی لە سنووری باڵەکایەتی و سیدەکان بەفرێکی زۆر دەبارێت و پلەکانی گەرما دەچنە ژێر سفری سیلیزییەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە شەش هەزار قوتابخانە، 90 هەزار قوتابی و 11 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سۆران هەن و ساڵانە پێویستیان بە هەزاران لیتر نەوت هەیە.

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی تایبەتی هەیە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا. لەم پرۆسەیەدا، ناوچە شاخاوییەکان و سنوورییەکان بەهۆی سەختیی کەشوهەوا و دابەزینی زووی پلەکانی گەرماوە، لە پێشینەی کارەکانن بۆ وەرگرتنی سووتەمەنی.

پێشتر و لە وەرزی زستانی رابردوودا، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕی هەشت ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوتی سپی بۆ سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان تەرخان کرا. ئەم هەنگاوە وای کرد تاوەکوو ئێستاش زۆرینەی قوتابخانەکان بەشێک لە نەوتی ساڵی رابردوویان بمێنێتەوە و لە سەرەتای ئەمساڵی خوێندندا سوودی لێ وەربگرن.

 
سەردار حەسەن ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news