Skip to content
krd24.netkrd24.net

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر: لە هاوکارییە ئەمنییەکان بەردەوام دەبین

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر: لە هاوکارییە ئەمنییەکان بەردەوام دەبین
سیاسی
کوردستان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێشمەرگە کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە لێدوانێکی تایبەت بۆ، جەختدەکاتەوە لەوەی وڵاتەکەی لە هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و پاڵپشتی لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەکات.

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ، پێشوازی لە هەوڵە بەردەوامەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد، وەک هێزێکی تۆکمە و یەکگرتوو لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکبخرێنەوە.

هەروەها جەختیکردووەتەوە، کاراترکردنی پرۆسەی چاکسازیی، هەنگاوێکی گرنگە و ئەڵمانیاش پابەندی هاوبەشییەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.

لە بارەی چۆنییەتی هاوکارییەکان، کونسوڵخانەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ قەبارە و چۆنێتی بەشداریمان لە هاوکارییە لۆجستییەکان دەکەین، بۆیە لەم قۆناخەدا ناتوانین وردەکارییەکانی بخەینەڕوو، بەڵام ئەڵمانیا لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە پەیوەندیدا دەمێنێتەوە بۆ زیاتر پاڵپشتیی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.

ئەم هەڵوێستەی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر لە کاتێکدایە کە کۆتایی ئەم مانگە بەگوێرەی رێککەوتنی عێراق و ئەمریکا کۆتایی بە ئەرکی هێزە بیانییەکان دەهێنرێت و دەبێت سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هێزەکانیان لە عێراق بکشێننەوە، بەڵام کونسوڵخانەی ئەڵمانیا جەختدەکاتەوە، بەشداریی وڵاتەکەی لە کەرتی ئەمنی زۆر بەرفراوانترە، وەک یەکێک لە هاوبەش و بەخشەرە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا، بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییەکان بە پابەندی دەمێنێتەوە.

دووشەممە 21ـی ئەم مانگە لەسەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە بەشداری بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا یەکخستنی تەواوەتیی هێزی پێشمەرگە راگەیەندرا.

 
 
 
دلێر محەممەد ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news