Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئومێد خۆشناو: هەر شارەوانییەک زەوی فەرمانبەرانی نەبێت، لە نزیکترین شوێن بۆیان دابین دەکرێت

ئومێد خۆشناو: هەر شارەوانییەک زەوی فەرمانبەرانی نەبێت، لە نزیکترین شوێن بۆیان دابین دەکرێت
گشتی
کوردستان دابەشکردنی زەوی

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دڵنیایی دەدەینە هەموو فەرمانبەران، ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە زەوییان پێدەدرێت، لەبارەی نەبوونی زەوییش لە سنووری شاوێس، گوتی: لە نزیکترین شوێن زەوییان بۆ دابیندەکرێت. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هیچ فەرمانبەرێکی مەرجدار لە وەرگرتنی زەوی بێبەش نابێت.

ئومێد خۆشناو روونیکردەوە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەولێر لە پێش هەموو شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە و تا ئێستا زیاتر لە 50%ـی ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەکانیان تێدایە و ناویان گەڕاوەتەوە، زەوییان وەرگرتووە.

پارێزگاری هەولێر جەختیکردەوە، سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەکانیان تێدایە، زەوی وەردەگرن و بەپێی بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاو بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە دەنرێت.

سەبارەت بە چارەسەری گرفتی دابینکردنی زەوی لە شاوێس، ئومێد خۆشناو دووپاتیکردەوە، زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئەو شوێنەشدا دابەش دەکرێت. بەڵام کێشە لە دابینکردنی زەوی هەیە و ئەوەش چارەسەر دەکرێت.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: بەگوێرەی رێکارە دیاریکراوەکان، لە هەر سەرۆکایەتییەکی شارەوانی یان شوێنێک زەوی نەما بێت، زەوی پێویست لە نزیکترین ناوچەی گونجاو بۆ فەرمانبەران دابین دەکرێت.

ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد "هیچ فەرمانبەرێک نامێنێت مەرجەکانی تێدابێت و زەوی وەرنەگرێت؛ پرۆسەکەمان لە هەولێر لە پێش هەموو شارەکانی دیکەدایە و بەردەوام دەبێت."

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news