Skip to content
krd24.netkrd24.net

قەتەر هەڕەشەی رێکاری یاسایی لە گۆڤارێک دەکات

قەتەر هەڕەشەی رێکاری یاسایی لە گۆڤارێک دەکات
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەتەر

حکوومەتی قەتەر سەرجەم ئەو تۆمەت و بەڵگەنامانە رەت دەکاتەوە کە لە نوێترین راپۆرتی گۆڤاری زە نیویۆرکەری ئەمریکیدا لەبارەی تۆمەتبارکردنی دەوحە بڵاو کراونەتەوە، و جەخت دەکاتەوە سەرجەم هاوکارییەکانی بۆ غەزە لە رێگەی هەماهەنگیی راستەوخۆوە لەگەڵ ئیسرائیل گەیەندراون. لە بەرامبەر ئەم راپۆرتەیدا، دەوحە رایگەیاند کە بژاردە یاساییەکان بۆ وەڵامدانەوەی تاوتوێ دەکات.

نووسینگەی راگەیاندنی نێودەوڵەتیی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی 19ی ئەیلوول بڵاوی کردەوە، رایگەیاند؛ گۆڤاری "زە نیویۆرکەر"لە راپۆرتەکەیدا پشت بە بەڵگەنامە و زانیاریی ساختە و هەڵبەستراو بەستووە، لەوانەش ئەو بەڵگەنامانەی بە بلاست ناسراون.

نووسینگەکە ئاماژەی بەوە دا، پێش بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە، بەڵگە و دۆکیۆمێنتێکی پێشکەشی گۆڤارەکە کردبوو کە نادروستیی ئەو بەڵگەنامانە دەسەلمێنێت، بۆیە سەرسووڕمانی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە دەربڕی لە کاتێکدا پێشوەختە لە ناڕاستیی ئەو زانیارییانە ئاگادار کرابوونەوە. هاوکات راپۆرتەکەی بە دوور لە پێوەرە پیشەییەکان وەسف کرد و بە بەشێک لە هەڵمەتێکی چەواشەکاریی رێکخراو ناوی برد کە قەتەر دەکاتە ئامانج.

سەبارەت بەو تۆمەتانەی باس لە تەمویلکردنی حەماس دەکەن، نووسینگەی راگەیاندنی نێودەوڵەتیی قەتەر پێشکەشکردنی هەر جۆرە پارەیەکی راستەوخۆی بۆ ئەو بزووتنەوەیە رەت کردەوە و دووپاتی کردەوە، هاوکارییەکانیان تەنیا ئاراستەی دانیشتووانی غەززە کراون.

روونیشی کردەوە، هاوکارییە داراییەکان لە پاڵ خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکاندا، پێش چوونە ناو غەززە بە ئیسرائیلدا تێپەڕیون و لە رێگەی ئەو میکانیزمانەوە گەیەندراون کە لەگەڵ ئیسرائیل و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان هەماهەنگییان لەسەر کرابوو، بە جۆرێک کە بەرپرسانی ئیسرائیل لە قۆناخە جیاوازەکانی پرۆسەی هاتنەژوورەوەی هاوکارییەکاندا بەشدار بوون.

بەگویرەی بەیاننامەکە، ئەو میکانیزمانە لە سەردەمی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیلدا، لەوانەش حکوومەتەکانی (نەفتالی بێنێت، یائیر لاپید و بینیامین ناتانیاهوو) بەردەوام بوون و دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل، لەوانەش "مۆساد و شاباک"، بەشدار بوون لە سەرپەرشتیکردندا؛ بۆیە هەر پارەیەک لە دەرەوەی ئەو میکانیزمە گەیشتبێتە دەست حەماس، ناکرێت بخرێتە ئەستۆی قەتەر و بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە مل ئیسرائیل کە لایەنی سەرپەرشتیاری هاتنەژوورەوەی هاوکارییەکان بووە.

قەتەر پێی وایە ئەم هەڵمەتە میدیاییانە پێگەی قەتەر وەک نێوەندگیر لە هەوڵەکانی هێورکردنەوە و بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج و خزمەت بەو لایەنانە دەکەن کە نایانەوێت هەوڵەکانی نێوەندگیریی دەوحە سەرکەوتوو بن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، نووسینگەی راگەیاندنی نێودەوڵەتی داوای لە سەرجەم دامەزراوە میدیاییەکان کرد، پێش بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە و زانیارییەکان دڵنیایی لێ وەربگرن، بەتایبەت لە بابەتە هەستیارە جیۆسیاسییەکاندا، و جەختی کردەوە، قەتەر بۆ پاراستنی مافەکانی و بەرەنگاربوونەوەی چەواشەکردنی رای گشتی، سەرجەم بژاردە یاساییە بەردەستەکان لەبارەی ئەو راپۆرتەوە تاوتوێ دەکات.

 
لاڤین عومەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news