Skip to content
krd24.netkrd24.net

جەی دی ڤانس: سەرەڕای هێرشەکانی ئێران هەناردەی نەوت بە گەرووی هورمزدا بەردەوامە

جەی دی ڤانس: سەرەڕای هێرشەکانی ئێران هەناردەی نەوت بە گەرووی هورمزدا بەردەوامە
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان گەرووی هورمز جەنگی ئێران و ئەمریکا

 جێگری سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا، واشنتن گفتوگۆی زیاتر دەربارەی رەوشی جەنگی ئێران و گەرووی هورمز ئەنجام دەدات.

دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد، ئەمەریکا کار بۆ پاراستنی هێزە دەریاییەکانی دەکات کە گەمارۆیان خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، هاوکات روونیکردەوە سەرەڕای پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر کەشتی و نەوتهەڵگرەکان، هێشتا هەناردەی نەوت بە نێو گەرووی هورمزدا بەردەوامیی هەیە و رانەوەستاوە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی لەوە کردەوە، ئیدارەی واشنتن هەموو توانایەکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، و گوتی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و وزە راستەوخۆ بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ لەگەڵ ئێرانەوە دروستبووە.

ئەم قسانەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هات، یەکشەممە 20ـی ئەیلوول، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پەیام و وردەکاریی مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی بە روونی لە رێگەی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە دراونەتە لایەنی ئەمریکی؛ جەختی کردەوە، تا ئەو کاتەی مەرجەکانی تاران بە تەواوی بەدی نەیەن و واشنتن پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، بە هیچ جۆرێک مەحاڵ دەبێت گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا بکرێتەوە یان بارودۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ قۆناخی پێش جەنگ.

سەبارەت بە وردەکاریی داواکارییەکان، دوێنێ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ئاشکرای کرد، لە رێگەی دەوڵەتی قەتەرەوە مەرجەکانیان گەیەنراونەتە ئەمریکا کە بریتین لە راگرتنی جەنگ لە سەرجەم بەرەکاندا، ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران، و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر کەناراوەکانیان.

رەزایی پێداگری کرد کە سوپای ئێران بۆ جەنگێکی یەکلاکەرەوە ئامادەیە و خێرایی مووشەکە هایپەرسۆنیکەکانی لە 6 ماخەوە بۆ 10 ماخ (دە هێندەی خێرایی دەنگ) زیاد کردووە لە پاڵ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و جەنگی ئەلیکترۆنی، هەربۆیە هۆشداری دا کە لە ئەگەری بەرپابوونەوەی جەنگ، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا ئەگەر لە زەریای هیندیش پاشەکشە نەکەن، رووبەڕووی پەلاماری مووشەکی دەبنەوە.

 
 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news