Skip to content
krd24.netkrd24.net

شێروان دووبەردانی: پێویستە حکوومەتی عێراق پابەندی بڕیاری پەرلەمان بێت بۆ ناردنی پشکی سووتەمەنی هەرێمی کوردستان

شێروان دووبەردانی: پێویستە حکوومەتی عێراق پابەندی بڕیاری پەرلەمان بێت بۆ ناردنی پشکی سووتەمەنی هەرێمی کوردستان
سیاسی
عێراق

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرجەم بیانووەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق چارەسەر کراون و بە نووسراوی فەرمیش رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ناردن و زیادکردنی پشکی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان وەرگیراوە.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، بەـی راگەیاند "سوپاسی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە هەموو ئەو بیانووانەی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە هەبوون، نەهێڵدران و بە تەواوی چارەسەر کران."

شێروان دووبەردانی گوتیشی"ئەو 11 خاڵەی لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچوون، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ پابەندیان بێت و جێبەجێیان بکات، بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستانەوە، کە یەکێک لە گرنگترینیان پرسی دابینکردنی سووتەمەنییە."

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کرد، بە نووسراوی فەرمی رەزامەندی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرگیراوە بە مەبەستی ناردن و زیادکردنی پشکی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها شێروان دووبەردانی جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە حکوومەتی عێراق پابەند بێت بەوەی بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان کە 14%ـیە، پشکی سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

پەرلەمانی عێراق بە پشتبەستن بە ماددەی 61ـی دەستوور، یاسای پەرلەمانی عێراق و پێکهاتەکانی ژمارە 13ـی ساڵی 2018 و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن، هەروەها لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی چاودێریکردنی ئەدای حکوومەت و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، کۆمەڵێک پێشنیازی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی خستە روو.

لە پێشنیازەکەدا پەرلەمانی عێراق داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری ژمارە 429ـی ساڵی 2026ـی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات سەبارەت بە بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان،  ئەم داوایە بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە، چونکە هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی سووتەمەنی دەبێتە هۆی هەڵکشانی تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییەکان، کە لە کۆتاییدا بارگرانییەکە دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتیان.

لە پێشنیازەکاندا هاتووە، دەبێت پلانێکی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی قەیرانی سووتەمەنی دابنرێت و دڵنیایی لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی سووتەمەنی لە سەرانسەری پارێزگاکاندا بدرێت. هەروەها داواکراوە راپۆرتێکی ورد سەبارەت بە قەبارەی بەرهەمهێنان، بەکاربردن، هاوردەکردن، تێچوونەکان، کۆگای ستراتیژی و بڕی دابینکراو بۆ پارێزگاکان ئامادە بکرێت.

پەرلەمانی عێراق جەختیدەکاتەوە لە دانانی خشتەیەکی کاتیی روون بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتییەکان و کەمکردنەوەی هاوردەکردن. هاوکات داوای توندکردنەوەی کۆنترۆڵی سیستەمی دابەشکردنی سووتەمەنی لە کۆگاکانەوە تا وێستگەکانی سووتەمەنی و لێپرسینەوە لەو کەسانە کراوە کە لە دەستکاریکردن و قاچاخچێتیی سووتەمەنیدا بەشدارن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news