Skip to content
krd24.netkrd24.net

وەزیری پێشمەرگە: یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستکەوتێکی گەورەیە

وەزیری پێشمەرگە: یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستکەوتێکی گەورەیە
سیاسی
کوردستان

لە رێوڕەسمی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەدا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدان، چونکە ئاواتی شەهیدان و خەونی ئازادیی نیشتمان بووەتە واقیعێکی جێگیر و دامەزراوەیی.

ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026،  شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند؛ بە شانازییەوە تەواوی جیهان و خەڵکی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری نیشتمانی و سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بە سەرکەوتوویی و بە شێوازێکی سەردەمیانە کۆتایی هاتووە. شۆڕش ئیسماعیل پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتەی ئاراستەی جەماوەری بە ئەمەکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کرد.

سوپای یەکگرتووی نیشتمان، پارێزەری گەل و خاک و نیشتمانە. شۆڕش ئیسماعیل روونیکردەوە کە سەرخستنی ئەم پرۆسە نەتەوەییە، بەرهەمی ئیرادەیەکی پۆڵاینی نیشتمانی بووە کە لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیانەوە بە نەخشەڕێگایەکی وردی ئەکادیمی و سەردەمیانە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا کاری بۆ کراوە.

هەنگاوەکانی ئەم پرۆسەیە لە ساڵانی رابردوودا بە ئاراستەی بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی گەل بۆ بوونی سوپایەکی یەکگرتوو بووە. وەزیری پێشمەرگە جەختیکردەوە کە پێشمەرگە سەرمایەیەکی نەتەوەییە و پێویستە ئەم سەرمایە بەنرخە لەمەودوا لەناو سوپای یەکگرتووی کوردستاندا رەنگبداتەوە و وەک هێزێکی پۆڵاین بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان بمێنێتەوە.

رێگەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پڕ بووە لە ئاستەنگ و ئاڵنگاریی گەورە، لە کێشە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی رابردوو تا دەگاتە ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکان. شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "وەک تیمێکی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە توانیمان سەرجەم بەربەستەکان تێپەڕێنین و سەرکەوتنێکی مەزن بۆ گەلی کوردستان تۆمار بکەین."

وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە رێگەی کۆبوونەوە ناوخۆییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، کاری بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە کردووە. لە ئەنجامدا هێزەکانی پێشمەرگە لە 11 فیرقەی سەربازی، دوو هێزی پشتیوانی، یەکەی کۆماندۆ و دوو دەڤەری سەربازیدا رێکخراونەتەوە.

بە ئەنجامدانی ئەم هەنگاوە، هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی سەردەمیانە، پیشەیی و نیشتمانی کە تەنیا لەژێر ئاڵای کوردستان و لە چوارچێوەی بڕیارێکی یەکگرتووی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن. شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، ئەو خەونەی لە ساڵی 1976ـەوە لە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان دەستی پێکرد، ئەمڕۆ بووەتە قەڵایەکی دڵنیایی بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، وەزیری پێشمەرگە جەختیکردەوە کە ئەم دەستکەوتە لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی ئەو گەلە بەدەست هاتووە کە رووبارێک خوێنی لەو پێناوەدا بەخشیوە و سەدان رۆڵەی لە سەنگەرەکاندا گیانی خۆیان فیدا کردووە.

 
 
 
 
 

لاڤین عومەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news