بەهۆی قەیرانی کەمیی بەنزین و سووتەمەنی لە پارێزگاکانی عێراق، 60 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت لە نێو پەرلەمان.
فراکسیۆنی سادقوون لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، بۆ لێپرسینەوە لە قەیرانی نەبوونی سووتەمەنی و بەتایبەتی بەنزین لە پارێزگاکانی عێراق، باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوت بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش 60 واژۆیان کۆکردووەتەوە.
فراکسیۆنی سادقوون ئاماژەی بەوە دا، قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی لە عێراق هەیە و وەزارەتی نەوتیش تاوەکوو ئێستا هیچ پێشنیازێکی کورتخایەن و درێژخایەنی بۆ پرسەکە نەخستووەتەڕوو.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیاندا، باسیان لەوە کرد، لەبەر ئەو هۆکارانە بڕیاریان داوە بانگهێشتی وەزیر بکەن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن. روونیشیان کردەوە، رێکارە یاساییەکان بۆ بانگهێشتکردنی باسم محەممەد خزەیر لە پەرلەمان دەستیان پێکردووە.
عێراق یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا، بەڵام لە رووی دابینکردنی بەرهەمە پاڵاوتەکانی وەک بەنزین و گازوایل بەردەوام کێشەی هەیە. هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانەش بۆ لاوازیی ژێرخانی پاڵاوگە ناوخۆییەکان و زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل و خواستی رۆژانەی هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە.
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی دروستبوونی ریزی درێژ لە بەردەم بەنزینخانەکانی چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ناڕەزایەتییەکی زۆری جەماوەری دروست بوو. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، حکوومەتی عێراق ناچار بووە بڕێکی زۆر پارە بۆ هاوردەکردنی بەنزین لە وڵاتانی دەرەوە تەرخان بکات.




