ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە خولی 81ـی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشکەشکردنی وتاری عێراق لەبەردەم نوێنەری وڵاتانی ئەندام، بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زەیدی لە وتارەکەیدا هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە گۆڕانکاری و قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەخاتە روو. هەروەها تیشک دەخاتە سەر پلانی حکوومەتی عێراق بۆ بەڕێوەبردن، بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان و پرۆسەی گەشەپێدان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سەرۆکوەزیران باسی هەنگاوە دیارەکانی عێراق لە رێڕەوی چاکسازیی ئابووریدا دەکات. لەو چوارچێوەیەدا، تیشک دەخرێتە سەر فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی، هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هاندانی وەبەرهێنان و جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی سەروەریی نیشتمانی.
سەرۆکوەزیران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا، زنجیرەیەک دیداری دوقۆڵی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی بەشداربوو رێکدەخات. لەو دیدارانەدا پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دۆست و دەرفەتەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری لەپێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا تاوتوێ دەکرێن.




