Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئێران: تا مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرێن گەرووی هورمز ناکرێتەوە

ئێران: تا مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرێن گەرووی هورمز ناکرێتەوە
سیاسی
ئێران

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تاران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە مەرجەکانی خۆی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە فەرمی گەیاندووەتە دەست واشنتن، هاوکات بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازیی ئەو وڵاتە هۆشدارییان دایە ئەمریکا کە خێرایی مووشەکە هایپەرسۆنیکەکانیان گەیاندووەتە 10 هێندەی دەنگ و لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگدا کەشتییەکانی ئەمریکا لە زەریای هیندیش دەکەنە ئامانج.

یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پەیام و وردەکاریی مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی بە روونی لە رێگەی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە دراونەتە لایەنی ئەمریکی؛ جەختی کردەوە، تا ئەو کاتەی مەرجەکانی تاران بە تەواوی بەدی نەیەن و واشنتن پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، بە هیچ جۆرێک مەحاڵ دەبێت گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا بکرێتەوە یان بارودۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ قۆناخی پێش جەنگ.

سەبارەت بە وردەکاریی داواکارییەکان، دوێنێ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ئاشکرای کرد، لە رێگەی دەوڵەتی قەتەرەوە مەرجەکانیان گەیەنراونەتە ئەمریکا کە بریتین لە راگرتنی جەنگ لە سەرجەم بەرەکاندا، ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران، و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر کەناراوەکانیان.

رەزایی پێداگری کرد کە سوپای ئێران بۆ جەنگێکی یەکلاکەرەوە ئامادەیە و خێرایی مووشەکە هایپەرسۆنیکەکانی لە 6 ماخەوە بۆ 10 ماخ (دە هێندەی خێرایی دەنگ) زیاد کردووە لە پاڵ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و جەنگی ئەلیکترۆنی، هەربۆیە هۆشداری دا کە لە ئەگەری بەرپابوونەوەی جەنگ، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا ئەگەر لە زەریای هیندیش پاشەکشە نەکەن، رووبەڕووی پەلاماری مووشەکی دەبنەوە.

لە درێژەی جووڵە دیپلۆماسییەکاندا، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە موحسین نەقڤی، وەزیری ناوخۆی پاکستان وەک نێوەندگیر لە نێوان تاران و واشنتندا بگاتە ئێران بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ.

هاوکات بارەگای ناوەندیی فەرماندەیی سەربازیی "خاتەمولئەنبیا"لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا هۆشداری دایە کۆشکی سپی کە ئەگەر واشنتن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا تووشی هەڵە ببێت، سەرجەم بنکە، بەرژەوەندی و سەربازانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەکەونە بەر هێرشی بەردەوام و کوشندە بەبێ ئەوەی هیچ سنوورێک بۆ وەڵامدانەوەی سەربازیی تاران هەبێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news