Skip to content
krd24.netkrd24.net

لە کەرکووک بازگەکان رێگری لە گەیشتنی کتێبی کوردی دەکەن

لە کەرکووک بازگەکان رێگری لە گەیشتنی کتێبی کوردی دەکەن
گشتی
کوردستان

بەڕێوەبەری کۆگای کتێب لە کەرکووک بۆ ئاشکرای کرد، سەرەڕای هەبوونی نووسراوی فەرمیی سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان، بازگەکانی کەرکووک بۆ ماوەی پێنج تا حەوت کاتژمێر رێگری لە بارهەڵگرەکانی کتێبی خوێندنی کوردی دەکەن و داوای بەرتیل دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 200 هەزار پەرتووکی نوێی بۆ قوتابخانەکانی ئەو شارە ناردووە.

یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2026، نەوزاد محەمەد، بەڕێوەبەری کۆگای کتێب لە کەرکووک لە لێدوانێکدا بۆ نیگەرانیی قووڵی خۆی لە رەفتاری هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکانی کەرکووک دەربڕی و رایگەیاند، گواستنەوەی پەرتووکی خوێندنی کوردی بۆ کەرکووک رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگی زۆر کراوەتەوە.

روونی کردەوە کە بارهەڵگرەکانیان لە بازگەکاندا بۆ ماوەی پێنج بۆ حەوت کاتژمێر رادەگیرێن، سەرەڕای ئەوەی مانگێک پێش دەستپێکردنی وەرزی خوێندن سەرجەم رێکارە یاساییەکانیان تەواو کردووە و مۆڵەتی فەرمییان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە وەرگرتووە.

بەڕێوەبەری کۆگای کتێب لە کەرکووک ئاماژەی بەوە دا کە هێزەکانی ناو بازگەکان تەنانەت نووسراوە فەرمییەکانی دەوڵەتیش ناخوێننەوە و بە بیانووی پشکنین رێگری لە تێپەڕبوونیان دەکەن، و بە راشکاوی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی لەم ئاستەنگانە تەنیا داواکردنی پارە و بەرتیلە.

نەوزاد محەمەد دووپاتی کردەوە کە ئەوان وەک فەرمانبەرانی دەوڵەت بە هیچ جۆرێک بەرتیل بە کەس نادەن، چونکە باری ئەو ئۆتۆمبێلانە قاچاخ نییە، بەڵکو کتێبی پیرۆزی زانست و پەروەردەیە بۆ منداڵانی کوردی ئەو شارە تاوەکو لە مافی سەرەتایی فێربوون بێبەش نەبن.

ئەم ئاستەنگانەی بازگەکان لە کاتێکدایە کە بەهۆی گەڕانەوەی ژمارەیەکی ئێجگار زۆری قوتابییان لە خوێندنی عەرەبییەوە بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکووک، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشکی کتێبی بۆ سەرجەم قوتابخانەکانی بەشی کوردی لەو پارێزگایە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی، بۆ ساڵی نوێی خوێندن ملیۆنێک و 200 هەزار پەرتووکی نوێ لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی کەرکووک کراوە، تاوەکو سەرجەم قوتابیانی کورد لە هەموو قۆناخەکاندا بێ کێشە و بە کتێبی نوێ دەست بە وەرزی خوێندن بکەن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news