کورتەفیلمی "پاسکیلی ئاوی"لە دەرهێنانی سیاوەش ساعدپەنا، لە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمای گەڕۆک لە بەغدا دوو خەڵاتی گرنگی بەدەستهێنا.
یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، سیاوەش ساعدپەنا، دەرهێنەری فیلمەکە بەی راگەیاند: "کورتەفیلمی پاسکیلی ئاوی خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا، هاوکات ئارمین عەزیزی، ئەکتەری فیلمەکە خەڵاتی باشترین ئەکتەری وەرگرت".
سەبارەت بە بایەخی ئەم دەستکەوتانە، ساعدپەنا گوتی: "ئەم دوو خەڵاتە لە کاتێکدا بەدەستهاتوون کە فیلمەکە لە ماوەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانیدا، سەرنجی دادوەر و بینەرانی سینەمای بۆ لای خۆی راکێشاوە".
ئەم کورتەفیلمە پێشتر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لە بەشی کورتەفیلمە کوردییەکان نمایش کراوە. ساعدپەنا روونیکردەوە، وەک دەرهێنەر لە بەشی گفتوگۆی تایبەتی فێستیڤاڵی سلێمانیدا بەشدار بووە و ئەزموون و زانیارییەکانی خۆی لەگەڵ فیلمسازان و بەشداربووان هاوبەش کردووە.
سەبارەت بە دەستکەوتە نێودەوڵەتییەکان، دەرهێنەرەکە روونیکردەوە، فیلمەکە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەماتیک پاریس لە ساڵی 2026 خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەستهێناوە. فیلمەکە بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلم و هونەری ماڵی فەڵەستین لە لەندەن و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی هیفا هەڵبژێردراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە داستانییە کوردییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانی لە ساڵی 2026 دیاری کراوە.
دەربارەی ناوەڕۆکی بەرهەمەکە، ساعدپەنا دەڵێت: "کورتەفیلمەکە چیرۆکێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەگێڕێتەوە و ژیانی مامۆستایەک لە ناوچە شاخاوییەکان دەخاتەڕوو. فیلمەکە لە رێگەی گێڕانەوەکەیەوە بە ئامانجی گەیاندنی ژیان و هەستەکانی مرۆڤانی ناوچە شاخاوییەکان بە زمانی سینەما، باس لە بابەتەکانی لەدەستدان، تەنیا، هاوسۆزی، مرۆڤایەتی و لێبوردەیی دەکات".
بەهۆی بەشدارییە بەردەوامەکان و بەدەستهێنانی خەڵات لە فێستیڤاڵە جیاوازەکاندا، "پاسکیلی ئاوی"بووەتە یەکێک لەو بەرهەمە کورتە سینەماییە کوردییانەی کە چیرۆکێکی ناوچەیی و مرۆیی لە دەرەوەی سنوورەکانیش دەگەیەنێتە بینەرانی سینەما.




