لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026- 2027 لە هەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی ئامادەکارییە لۆجستی و دیجیتالییەکان دەخاتەڕوو و رایدەگەیاند: سەرەڕای تەواوکردنی ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانە و ژوورەکانی خوێندن، بۆ ئەمساڵ نزیکەی 19 ملیۆن پەرتووکی نوێ چاپکراون و سیستمی دیجیتالی و پلاتفۆرمی فێرکاریی هاوچەرخ لە سەرانسەری ناوەندەکانی خوێندن لە شار و گوندەکاندا کەوتوونەتە کار.
: سەرەتای ساڵی خوێندن چ یادەوەرییەک بوو و چۆن دەستی پێکرد؟
ئالان حەمەسەعید: ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا، ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە، مارشی نەتەوەیی خوێنرا، و قوتابخانەکان بە زمانی کوردی دەرگاکانیان بەڕووی قوتابیاندا کرایەوە. سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، ئامادەیی تێدا هەبوو بۆ لێدانی زەنگی یەکەم رۆژی خوێندن و کردنەوەی 36 باڵەخانەی نوێی قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان کە بۆ وەزارەتی پەروەردە و باخچەی حکوومی دابینکراون. هیوای ساڵێکی پربەرهەم و سەلامەتی بۆ قوتابیان و مامۆستایان ئەخوازم.
: ئەمساڵ چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ساڵانی رابردوو، بەتایبەت لەبارەی ژێرخان و پرۆسەی پەروەردەوە بۆ قوتابی و قوتابخانەکان؟
ئالان حەمەسەعید: ساڵ بە ساڵ گۆڕانکاری و ئامادەسازیی نوێ دەکرێت. لەم کابینەیەدا تاوەکو ئەمڕۆ، 310 قوتابخانە دروستکراون و 629 ژووری خوێندن (ئەکسترا) لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دروستکراون. کۆی گشتیی ژووری خوێندنی نوێ لەم کابینەیەدا گەیشتووەتە 4969 ژوور، کە بە ستانداردی ٢٥ قوتابی لە هەر پۆلێکدا، نزیکەی ١٢٥ هەزار جێگەی نوێ بۆ قوتابیان دابینکراوە. هەروەها لەمساڵدا تاقیگەی داهێنار لە 110 قوتابخانە کراونەتەوە کە کاریگەریی گەورەی لەسەر کوالێتیی پرۆسەی پەروەردە و توانای قوتابیان دەبێت.
: لەبارەی دابەشکردنی کتێبەکان و پلاتفۆرمی دیجیتالییەوە، چ هەنگاوێک نراوە؟
ئالان حەمەسەعید: نزیکەی 19ملیۆن کتێبی نوێ چاپکراوە و گەیشتووەتە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و مەخزەنەکان، و پێش دەستپێکی دەرگای قوتابخانەکان بەسەر قوتابیاندا دابەشکراون. هەروەها پلاتفۆرمی دیجیتالیی (قوتابخانەکەم) بە هاوکاریی یونیسێف و کوردستان فاوندییشن ئامادەکراوە؛ بۆ پۆلی یەک تا پۆلی نۆ تەواو بووە و پۆلەکانی 10 و 11 و 12 لە کارکردندان بۆ ساڵی داهاتوو. ئەم پلاتفۆرمە ڤیدیۆ، ئەنیمەیشن، تاقیگەی گەڕانمەیی (Virtual Lab) و یاریدەدەری زیرەکی دەستکردی تێدایە، و لە هەموو قوتابخانە حکوومییەکاندا لە شارەکانەوە تا گوندەکان بەردەست دەبێت.
: دیجیتاڵیزەکردنی پرۆسەی خوێندن چۆن کار لە کارگێڕی و توانای قوتابیان دەکات؟
ئالان حەمەسەعید: لە لایەنی کارگێڕییەوە، تەواوی پرۆسەکانی وەزارەتی پەروەردە (وەک داتای قوتابیان، مامۆستایان، گواستنەوە، وەرگێڕانی بڕوانامە و واژۆی ئەلکترۆنی) دیجیتالی کراون. بۆ نموونە ئێستا دەتوانرێت نوسراو و بڕوانامە بە واژۆی ئەلکترۆنی لە ڕێگەی سیستەمەوە بكرێت. لە لایەنی فێرکردنیشەوە، ئەم پلاتفۆرمە یەکسانی و دادپەروەری لە نێوان قوتابی شار و گونددا دروست دەکات، و هەموو مامۆستایەک دەتوانێت پلانی وانەوتنەوە و سەرچاوەی دەوڵەمەند بەکاربهێنێت. لە ئێستادا نزیکەی 700 پۆل کراونەتە پۆلی دیجیتالی و سمارت بۆردیان بۆ دابینکراوە، و لە داهاتووشدا بە هاوکاریی پرۆژەی کارەبا و رێکخراوەکان زیاتری دەکەین.




