Skip to content
krd24.netkrd24.net

پڕۆژەی رووناکی سیستمی قیستی مانگانەی بۆ دانەوەی قەرزی کۆنی کارەبا راگەیاند

پڕۆژەی رووناکی سیستمی قیستی مانگانەی بۆ دانەوەی قەرزی کۆنی کارەبا راگەیاند
ئابووری
کوردستان

 پڕۆژەی "رووناکی"بڕیاری دا سیستمی قیستی مانگانە بۆ دانەوەی قەرزی کۆنی هاوبەشانی کارەبا جێبەجێ بکات، کە ماوەکەی تاوەکو 24 مانگ دەخایەنێت و لەسەر پسوولەی مانگی نۆوە هەژمار دەکرێت، هاوکات ئاماری سوودمەندبووانی داشکاندنەکانی پێشووشی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، پڕۆژەی "رووناکی"راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، قەرزی پێش رووناکی دەخرێتە سەر پسوولەی مانگانە وەک پابەندییەک کە تاوەکو 24 مانگ دەخایەنێت بەبێ هیچ داشکاندنێک. 

بەپێی راگەیەنراوەکە، یەکەم قیست دەخرێتەسەر پسوولەی خولی مانگی 9 کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی 10ـدا دەربچێت. ئەم سیستمە هەلێک دەدات بەو هاوبەشانەی کە نەیانتوانی بەشداری لە کەمپەینی داشکاندنی 50%ـدا بکەن، بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بە ماوەیەکی درێژخایەن بدەنەوە، بەو مەرجەی قیستەکان پێکەوە لەگەڵ پسوولەی مانگانەی رووناکی لە ماوەی 50 رۆژی دیاریکراودا بدرێنەوە.

بە مەبەستی کارئاسانی، پڕۆژەی رووناکی ماوەی قیستەکان و کەمترین بڕی مانگانەی بەم شێوەیە پۆلێن کردووە:

- ماڵان و کشتوکاڵ: دەتوانن قەرزەکانیان تاوەکو (24 مانگ) بدەنەوە، کەمترین بڕی قیستی مانگانە (20,000) بیست هەزار دینارە.

- بازرگانیی بچووک: دەتوانن قەرزەکانیان تاوەکو (12 مانگ) بدەنەوە، کەمترین بڕی قیستی مانگانە (20,000) بیست هەزار دینارە.

- بازرگانی و پیشەسازیی گەورە: دەتوانن قەرزەکانیان تاوەکو (6 مانگ) بدەنەوە، کەمترین بڕی قیستی مانگانە (200,000) دوو سەد هەزار دینارە.

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوەکەدا کۆمەڵێک داتا و زانیاریی نوێی سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی پڕۆژەکە خستەڕوو، کە بریتین لە:

- لێخۆشبوونی قەرز: نزیکەی 800,000 هاوبەش لە داشکاندنی ناوازەی 50% سوودمەند بوون (کە لە نێوان 3ـی ئاب تاوەکو 10ـی ئەیلوول بەردەوام بوو). 

- سفرکردنەوەی قەرزەکان: ئێستا زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوبەش (لە کۆی 2 ملیۆن هاوبەش لە هەرێمی کوردستان) هیچ قەرزێکی کۆنیان لەسەر نییە، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆنیان هاوبەشی ماڵانن.

- قەبارەی لێخۆشبوون: تاوەکو ئێستا حکوومەتی هەرێم لە بڕی 360 ملیار دینار خۆش بووە، کە 300 ملیار دیناریان تەنیا بۆ لێخۆشبوونی سەر قەرزی کۆنی پێش رووناکی بووە.

- قەرزی ماوە: زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانەی کە هێشتا قەرزی کۆنیان لەسەر ماوە، بڕی قەرزەکەیان لە 300 هەزار دینار کەمترە.

- ئاستی پێدانی کارەبا: تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 90%ـی هاووڵاتییانی کوردستان لەرێگەی پڕۆژەی رووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە.

- تێچووی هاووڵاتییان: بەپێی نرخە نوێیەکان، 80%ـی هاووڵاتییان (بەتایبەتی کەمدەرامەتان) مانگانە پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو کاتەی کە پارەی مۆلیدە و کارەبای نیشتمانییان پێکەوە دەدا.

 

پڕۆژەی "رووناکی"یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەنرا. ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە، کۆتاییهێنانە بە قەیرانی دەیان ساڵەی کارەبا و دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی بەردەوام (24 کاتژمێری) بۆ گشت ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان، لەگەڵ نەهێشتنی مۆلیدە ئەهلییەکان کە هۆکارێکی سەرەکیی پیسبوونی ژینگە و بارگرانیی دارایی بوون بۆ هاووڵاتییان.

وەک بەشێک لە رێکخستنەوەی کەرتی کارەبا، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا (2026)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا دا لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا. بۆ هاندانی هاووڵاتییانیش تاوەکو قەرزە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی رابردوویان بدەنەوە، حکوومەت بڕیاری لێخۆشبوونی 50%ـی دەرکرد کە بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک بەردەوام بوو و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. 

 

 
 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news