Skip to content
krd24.netkrd24.net

قالیباف: بە ژیرییەوە شەڕ دەکەین و بە داناییەوە دانوستان

قالیباف: بە ژیرییەوە شەڕ دەکەین و بە داناییەوە دانوستان
سیاسی
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
ئێران محەممەد باقر قالیباف ئەمریکا

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونی دەکاتەوە، وڵاتەکەی بژاردەی تۆکمەی هەیە و لە یەک کاتدا بە ژیرییەوە شەڕ دەکات و لە کاتی گونجاوشدا بە پێگەیەکی بەهێزەوە دانوستان دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە گوتارێکدا لە دانیشتنی پەرلەماندا، رایگەیاند، خۆڕاگری گەلی ئێران ئاسایشی وڵاتەکە دابین دەکات. ئاماژەی بەوەش دا، ئەم خۆڕاگرییە بە داڕشتنی سیستمی نوێ بۆ ناوچەکە و جیهان، دەرفەتی نوێ لە بواری ئابووری و ستراتیژی دەڕەخسێنێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، گوتی، خۆڕاگریی بەنرخ و مێژوویی خەڵک، ئێران دەگەیەنێتە ئاستێکی نوێ لە دەسەڵات و گەشەسەندن.

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە، بڕوایان وایە دووانەی شەڕ یان دانوستان شتێکی راستەقینە نییە، بەڵکو دەبێت هەم شەڕ بکرێت و هەم دانوستان.  گوتیشی، پێویستە ژیرانە و بە دەسەڵاتەوە شەڕ بکەن، لە کاتی گونجاویشدا بە دانایی و پێگەیەکی بەهێزەوە دانوستان بکەن.

لێدوانەکانی محەممەد باقر قالیباف لە کاتێکدان کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار، بە تایبەت لە ناوچەکانی باشووری ئێران. سوپای ئەمریکا لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و مووشەکییەوە چەندین بنکەی سەربازی، ناوەندی مووشەکی و دامەزراوەی دەریایی ئێرانی لە پارێزگاکانی باشوور و ناوچە جیاوازەکان ئامانج گرتووە. 

لەگەڵ توندبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمزدا رووبەڕووی مەترسیی زۆر و ئاستەنگ بووەتەوە، ئەمەش نرخی وزەی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز کردووەتەوە. لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی و هاوڕێیەتیکردنی کەشتییە بازرگانییەکان دەدات، بەرپرسانی ئێران جەخت لەسەر دەسەڵاتی خۆیان بەسەر گەرووەکەدا دەکەنەوە و هۆشیاری دەدەن لەبارەی هەر جموجۆڵێکی سەربازیی نەوازراو. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا، جەختی کردووەتەوە، بەمزووانە جەنگی ئێران کۆتایی دێت و وەک خۆی باسی دەکات، بەرپرسانی تاران زۆر تامەزرۆی رێککەوتنن لەگەڵ واشنتن. 

 
ئیلهام خاکی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news