Skip to content
krd24.netkrd24.net

هاکان فیدان: پڕۆسەی ئاشتی سوودی بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێت

هاکان فیدان: پڕۆسەی ئاشتی سوودی بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێت
سیاسی
هاکان فیدان
هاکان فیدان
کوردستان

وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ کوردانی هەرێمی کوردستان و سووریاش دەهێنێت و، جەختی کردەوە، سەرەڕای راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی، هێشتا پەکەکە هەنگاوی کرداری بۆ چەکدانان نەناوە.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ شاری دیاربەکر و پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و، رایگەیاند، هەنگاوەکانی پرۆسەی نوێی ئاشتی لەو شارەی باکووری کوردستان، پێشوازییەکی بێئەندازەی لێکراوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە نەک تەنیا بۆ تورکیا، بەڵکوو بۆ کوردانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بەدەستەوە دەهێنێت و بۆ ئەوانیش پرۆسەکە بایەخێکی یەکجار گرنگی هەیە. 

هاکان فیدان، باسی لەوە کرد، گەورەترین شۆڕشی سیاسییان کۆتاییهێنان بووە بە نکۆڵیکردن لە ناسنامەی هاووڵاتییان.

سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانان و هۆکاری خاوبوونەوەی، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەوەی خستەڕوو، هەرچەندە پەکەکە لە مانگی ئایاری ساڵی 2025 هەڵوەشاندنەوەی خۆی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری راگەیاندووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا لە مانگی ئەیلوولی 2026ـداین، هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ چەکدانان نەنراوە. گوتیشی، جێبەجێکردنی ئەم پرسە پێویستی بە رێکاری گونجاو هەیە.

لەبارەی دۆخی عێراق و سووریا، فیدان، رایگەیاند، لەمەودوا نە لە عێراق و نە لە سووریا رێگە بە هیچ هێزێکی چەکدار نادرێت بەدەر لە سوپای فەرمیی ئەو وڵاتانە. روونیشی کردەوە، بەغدا و دیمەشق رژدن لەسەر ئەوەی رێگە بە هیچ گرووپێکی چەکداری وەکوو پەکەکە نەدەن خاکیان کۆنترۆڵ بکات. 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا، هەر کەسێک لە تورکیا داواکارییەکی هەیە رێگەی ئاشکرا بریتییە لە سیاسەت نەک چەکهەڵگرتن، هیوای خواست پەکەکە ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە بە یەکجاری کۆتایی بێت، بەپێچەوانەوە دەوڵەت لە بەرانبەر خۆیاندا دەبیننەوە.

یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رۆژی 10ـی ئابی 2026، لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا، ناوەڕۆکەکەشی تایبەتە بە چارەنووسی ئەو چەکداران و لایەنگرانەی پەکەکە ئامادەن چەک دابنێن.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاساکە، بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکان پێویستە دەزگاکانی ئاسایش پشتڕاستی بکەنەوە پەکەکە و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێناوە و چەک و تەقەمەنییەکانیان رادەست کردووە.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024ـەوە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیان پێکردەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت.

 دواتر لە مانگی شوباتی ساڵی 2025، ئۆجەلان بانگەوازی بۆ چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد. لە تەممووزی هەمان ساڵدا، ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە بە شێوەیەکی رەمزی چەکەکانیان سووتاند و پاشەکشەیان لە چەندین پێگەی سەربازی کرد. 

 
عەبدولسەلام توتنچی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news