ئەندامی کوردی پەرلەمانی سووریا رایگەیاند، دوای تەواوبوونی رێکارە ئەمنییەکان، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ لە ماوەی مانگێکدا بە فەرمی دەکرێتەوە و لە پاڵ گەشتە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا، گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی بۆ وڵاتانی ئەوروپای وەک ئەڵمانیا و سوید دەستپێدەکات.
شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، کیم حوسێن ئیبراهیم، پەرلەمانتاری کوردی پەرلەمانی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی ئاشکرای کرد، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ لە رووی ژێرخان و ئامێرە تەکنیکییەکانەوە بە تەواوی ئامادەیە و زۆربەی سیستەمەکانی سەلامەتن و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
ئاماژەی بەوە دا، ئێستا تەنیا کار لەسەر تەواوکردنی رێکارە ئەمنییە ناوخۆییەکان دەکرێت، تاوەکو لە ماوەی مانگێکدا دەرگای فڕۆکەخانەکە بە فەرمی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا بکرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە روونی کردەوە، توانای کارکردنی رۆژانەی فڕۆکەخانەکە لە نێوان پێنج بۆ حەوت گەشتی فڕۆکە دەبێت، و پێشوازی لە گەشتە ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات. هەروەها ئاشکرای کرد، بڕیارە گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی قامشلۆوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتی بۆ هەردوو دەوڵەتی ئەڵمانیا و سوید دەستپێبکات، کە ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و رەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات فەراهەم دەکات.
سەبارەت بە تیمی کارگێڕی و کارمەندانی فڕۆکەخانەکە، کیم حوسێن ئیبراهیم جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم کارمەندان لە خەڵکی ناوچەکە دادەمەزرێن و لەسەر بنەمای پێوەرە تایبەتە ئەکادیمی، پیشەیی و تەکنیکییەکان دەستنیشان دەکرێن. ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی و گواستنەوەی ئاسمانیی سووریا لە 25ی شوباتی رابردووەوە دەستی کردبوو بە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامشلۆ تاوەکو بە تەواوی توانای خۆیەوە بخرێتەوە خزمەت هاووڵاتییان.




