Skip to content
krd24.netkrd24.net

بەقایی: هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی مەرجی سەرەکیی راگرتنی جەنگە

بەقایی: هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی مەرجی سەرەکیی راگرتنی جەنگە
سیاسی
ئێران

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاوەکو گەمارۆی دەریایی و سزاکان لەسەر وڵاتەکەی لانەبرێن قسەکردن لەسەر کۆتاییهاتنی جەنگ مەحاڵە، هاوکات جەختیشی کردەوە، هەر رێککەوتنێکی باوەڕپێکراو لە داهاتوودا بۆ کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، تەنیا لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و مەسقەت دەبێت.

شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، داواکارییەکانی تاران بۆ راگرتنی جەنگ نەگۆڕن و هەمان ئەو مەرجانەن کە پێشتر لە رێککەوتنەکەی مانگی حوزەیراندا دیاری کرابوون.

بەقایی روونی کردەوە، هەڵگرتنی تەواوەتیی سزاکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی لەسەر کەناراوەکانی ئێران دوو داخوازیی سەرەکین، و هۆشداریشی دا کە بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی لە لایەن ئەمریکاوە دەستدرێژیکارییەکی ئاشکرایە و تاوەکو ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، هیچ دەرفەتێک بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە یان راگرتنی جەنگ لە ئارادا نابێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە گفتوگۆیە تەکنیکییەکانی چەند هەفتەی رابردووی نێوان تاران و مەسقەت کرد بۆ دەستنیشانکردنی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا و جەختی لەوە کردەوە، هەرچەندە کۆبوونەوەکەی شاری سەڵاڵەی عومان دواخرا، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک لە بەهای دەستکەوتەکانی نێوان ئێران و عومان کەم ناکاتەوە، چونکە هەر لێکەوتێکی فەرمی و باوەڕپێکراو لە داهاتوودا بۆ رێکخستنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، دەبێت بە تەواوی پشت بەو لێکتێگەیشتنە ببەستێت کە تاران و مەسقەت وەک دوو دەوڵەتی خاوەن کەناراو ئەنجامیان داوە، و پێویستە سەرجەم هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان رێز لەو رێککەوتنە بگرن.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، بەقایی بە توندی رەخنەی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گرت بەهۆی پێشینەی لە کشانەوە لە بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان هاوشێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2018، و ئاشکرای کرد، لە ماوەی نۆ مانگدا دوو جار لە کاتی دانوستاندنی دیپلۆماسیدا هێرشی سەربازی کراوەتە سەر ئێران.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گومانی لە دەنگۆی لێدانی سێ کەشتیی نەوتی لە ناوچەکە دەربڕی و بە بیانوویەکی دروستکراوی فەرماندەیی سێنتکۆمی وەسف کرد، هاوکات راگەیاندنی کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ئیسلامئاباد و سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی لە لایەن واشنتنەوە بە کاردانەوەیەکی ئێجگار ناهاوسەنگ و ناڕەوا ناوبرد کە لە پێناو بەرژەوەندییە تایبەتەکانی ئەمریکادا ئەنجامدراوە.

سەبارەت بە گەشتی وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ تاران، بەقایی سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە ناوبراو هەڵگری پەیام یان پێشنیازێکی ئەمریکایە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران، و رایگەیاند سەردانەکە تەنیا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەدواداچوونی رێککەوتنە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەوەشی ئاشکرا کرد، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و هاوتا پاکستانییەکەی رێککەوتوون لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دیداری هاوبەش ئەنجام بدەن تاوەکو لە پاڵ دیدار لەگەڵ دیپلۆماتکارانی دیکە، تاوتوێی گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بکەن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news