Skip to content
krd24.netkrd24.net

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک: خوێندنی کوردی لە شارەکە پرسی ئاسایشی نەتەوەییە

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک: خوێندنی کوردی لە شارەکە پرسی ئاسایشی نەتەوەییە
گشتی
کوردستان

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە لێدوانێکدا بۆ رایگەیاند، خوێندنی زمانی دایک لە کەرکووک دوو هێندە گرنگە، چونکە پرۆسەی پەروەردەی کوردی لەو شارەدا تەنیا فێربوون نییە، بەڵکو قەڵخانێکی سەرەکیی پاراستنی ناسنامە و پرسی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانە لە بەرامبەر مێژوویەکی دوورودرێژ لە تەعریب و سڕینەوە.

شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە لێدوانە تایبەتەکەیدا بۆ، ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانن و بە شێوەیەکی فەرمی لە کەرکووک خزمەت دەکەن.

روونی کردەوە کە ئەگەر لە هەر وڵاتێکدا خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سەرەتایی بێت، ئەوا لە کەرکووک بایەخەکەی دوو هێندە زیاترە، چونکە بە درێژایی مێژوو حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق سیاسەتی پاکتاوی رەگەزی، شۆڤێنی و تەعریبیان دژ بە کورد لەم شارەدا پەیڕەو کردووە بە ئامانجی تواندنەوەی زمانی کوردی و قەدەخەکردنی قسەکردن بە زمانی دایک، بەڵام هاووڵاتییانی کورد بەردەوام خۆڕاگر بوون لە پاراستنی زمانەکەیاندا.

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی باسی لەوە کرد کە خۆشبەختانە لە دوای ساڵی 2003 و لە دەستووری هەمیشەییی عێراقدا، زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی شانبەشانی زمانی عەرەبی چەسپێنراوە، کە ئەمەش مافی یاسایی بە فێرخوازان دەدات لە ناوەندە فەرمییەکاندا بە زمانی خۆیان بخوێنن.

کامەران عەلی جەختی لەوە کردەوە کە کورد لە ڕووی مێژوویی و دیمۆگرافییەوە هەمیشە زۆرینەی رەهای دانیشتووانی کەرکووکی پێکهێناوە، بە جۆرێک لە سەرژمێریی ساڵی 1957 و تەواوی هەڵبژاردنەکانی دوای رووخانی رژێمی پێشووشدا، دەرکەوتووە کە گەلی کورد یەکەم و بەهێزترین پێکهاتەی ئەو شارەیە.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بۆ، کامەران عەلی دووپاتی کردەوە، خوێندنی زمانی کوردی لە کەرکووک گرنگییەکی مێژوویی هەیە و لە راستیدا وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی "ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان"لێکدەدرێتەوە.

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی رایگەیاند، پارێزگاریکردن لە پۆلەکانی خوێندنی کوردی، زامنی پاراستنی بوونی نەتەوەیی و خاکی کوردستانە، و ئەرکی سەرجەم دامەزراوەکان و هاووڵاتییانە بە شانازییەوە پشتیوانی لە بەردەوامی و گەشەپێدانی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووکدا بکەن.

 
سۆران کامەران ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news