وەزارەتی دارایی رایگەیاند، دووشەممە، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت و پرۆسەکە چوار رۆژ دەخایەنەنیت.
راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، بڵاویکردووەتەوە، کە رۆژی دوو شەممە 21ـی ئەیلوول، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکرێت و پرۆسەکە تا پێنجشەممە 24ـی ئەم مانگە سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن.
هەر لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە"لەهەمان کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت، کە لەدوای 2024/7/1 بە گرێبەست یان هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم خەرج دەکرێت.
دوای ئەوەی لە دووشەممە، 14ـی ئەیلوول، بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار وەک پارەی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی 2026ـی بڵاوکردەوە و لە 15ـی ئەیلوولەوە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد و ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوول کۆتایی پێهات.




