Skip to content
krd24.netkrd24.net

بەهۆی جەنگی ئێرانەوە؛ ناردنی مووشەک بۆ هاوپەیمانانی ئەمریکا پێنج ساڵ دوادەکەوێت

بەهۆی جەنگی ئێرانەوە؛ ناردنی مووشەک بۆ هاوپەیمانانی ئەمریکا پێنج ساڵ دوادەکەوێت
سیاسی
جیهان

ئاژانسی بلوومبێرگ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرای کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە وڵاتانی هاوپەیمانی کە بەهۆی بەتاڵبوونی کۆگاکانی چەک لە جەنگی ئێراندا، رادەستکردنی سیستەمە مووشەکییە گرنگەکان تا پێنج ساڵ دوادەکەوێت، ئەمەش کۆسپێکی گەورەی بۆ بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا و دەوڵەتانی ئەوروپا دروستکردووە.

بەپێی راپۆرتێکی بلومبێرگ، واشنتن بە فەرمی هاوپەیمانەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە سەرنجی سەرەکیی پێنتاگۆن ئێستا لەسەر پڕکردنەوەی یەدەگی چەکی خۆیەتی کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان دژ بە ئێران زیانی گەورەی بەرکەوتووە.

لەو چوارچێوەیەدا، حکوومەتی ئەڵمانیا داوای لە واشنتن کردبوو پەلە بکات لە رادەستکردنی مووشەکی کروزی تۆماهۆک و سەکۆکانی مووشەکی تایفۆن، بەڵام کۆمپانیای بەرهەمهێنەری رەیتیۆن رایگەیاندووە، بەهۆی کورتهێنانی کۆگاکان لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ناتوانێت ئەو داواکارییە جێبەجێ بکات، هاوکات چەندین دەوڵەتی رۆژهەڵاتی ئەوروپاش رووبەڕووی هەمان کێشەی دواکەوتنی وەرگرتنی چەک بوونەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە سوپاکەی تووشی کەمیی چەک بووبێت، بەڵام راپۆرتی ئەم هەفتەیەی پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگری دانی بەوەدا نا کە بەکارهێنانی قورسی چەک لە جەنگی ئێراندا بووەتە هۆی کورتهێنانی ستراتیژی لە کۆگاکاندا و کەرتی پیشەسازیی بەرگریی دووچاری تەنگژە کردووە.

هاوکات نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس (CBO) ئاشکرای کردووە، سوپای ئەمریکا لە نێوان نیوە تا دوو لەسەر سێی کۆگای مووشەکە بەرگرییە سەرەکییەکانی تەواو کردووە و پڕکردنەوەیان پێویستی بە لانیکەم پێنج ساڵ دەبێت، ئەمەش کێشەیەکی کوشندەی بۆ ئۆکرانیا دروستکردووە کە مووشەکی پاتریۆتی جۆری (PAC-3)ی لێ بڕاوە.

ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا مانگی رابردوو دانی بەوەدا نا کە هاوپەیمانەکانیان لەمساڵدا تەنیا یەک لەسەر سێی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی ساڵی رابردوویان بۆ دابین کردوون، ئەمەش وایکردووە لە چەندین بۆردوومانی شەوانەدا هێزەکانی ئۆکرانیا نەتوانن هیچ مووشەکێکی رووسیا تێکبشکێنن.

بڕیارە لە میانی کۆبوونەوەکانی هەفتەی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرکردەکانی ئەوروپا گوشار لە ترەمپ بکەن بۆ دابینکردنی مووشەکی زیاتری پاتریۆت بۆ کیێڤ و پێدانی مۆڵەتی فەرمی بە ئەوروپییەکان تا خۆیان بتوانن لە ناوخۆدا مووشەکی پاتریۆت بەرهەمبهێنن، لە کاتێکدا مۆسکۆ دووپاتی دەکاتەوە ناردنی چەک تەنیا جەنگەکە درێژتر دەکاتەوە بەبێ ئەوەی چارەنووسی بەرەکانی شەڕ بگۆڕێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news