Skip to content
krd24.netkrd24.net

دانا عەبدولکەریم: رێگای 2,500 گوند قیرتاوکراون

دانا عەبدولکەریم: رێگای 2,500 گوند قیرتاوکراون
گشتی
کوردستان

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای گوندی قارەمانی لە سنووری قەزای قەرەداغ بە گوژمەی زیاتر لە 250 ملیۆن دینار کردەوە، هاوکات ئاشکرای کرد, لە کابینەی نۆیەمدا رێگای دوو هەزار و 500 گوند لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان قیرتاو کراون.

شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەردەوامی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای گوندی قارەمان لە قەزای قەرەداغ بە فەرمی بەڕووی هاووڵاتییاندا کرایەوە. پڕۆژەکە بە درێژایی دوو کیلۆمەتر و نیو (2500 مەتر) لە سەرەتای چوونە ناو گوندەکەوە تاوەکو کۆتا ماڵ بە گوژمەی زیاتر لە 250 ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەکەدا مژدەی بە خەڵکی ناوچەکە دا کە سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان، لە چەند هەفتەی داهاتوودا چەندین رێگای دیکەی گوندەکانی سنووری قەرەداغ تەواو دەبن و بەڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێنەوە.

دانیشتووانی گوندی قارەمان کە زیاتر لە 15 ماڵی نیشتەجێبوو لەخۆدەگرێت، خۆشحاڵیی خۆیان بە تەواوبوونی پڕۆژەکە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ساڵانێکی درێژ بە دەست نەبوونی رێگاوە دەیانناڵاند و هاتوچۆکردن لە قوڕ و لیتەی زستان و تەپوتۆزی هاویندا ئاستەنگێکی گەورە بوو بۆ ژیانی رۆژانەیان و ئۆتۆمبێلەکانیانی پەکدەخست، بەڵام بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ئەو سەختییە بووە بەشێک لە مێژوو و ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتوچۆیان دروست بووە.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی کردنەوەی رێگەی گوندی قارەمان لە قەرەداخ ئاشکرایکرد، لە کۆی 5 هەزار گوند لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا رێگەی 2 هەزار و 500 گوند قیرتاو کراوە. بەپێی ماستەرپلانێکی 10 ساڵەش، سەرجەم گوندەکانی دیکە بە تۆڕی رێگەوبان دەبەسترێنەوە.

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە جیا لە ئاسانکاریی هاتوچۆ، وەک هەنگاوێکی ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبینرێت بۆ هاندانی هاووڵاتییان تا بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ببووژێننەوە تا گوندەکان وەک سەبەتەی خۆراکی نیشتمان بمێننەوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news