Skip to content
krd24.netkrd24.net

داهاتی نەوتی ئێران ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد

داهاتی نەوتی ئێران ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد
جەنگی ئێران ئابووری
ئێران نەوتی ئێران جەنگی ئێران و ئەمریکا

ئاژانسی هەواڵی فارسـی ئێرانی بڵاویکردەوە، سەرەڕای سزاکان، داهاتی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا سێ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش بەرزترین ئاستی فرۆشتنی مانگانەیە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تۆمار کرابێت.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسەکە ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026 بڵاویکردووەتەوە، لە کاتێکدا راپۆرتە میدیاییە بیانییەکان باس لە راگیرانی هەناردەی نەوتی ئێران دەکەن بەهۆی سزاکانەوە، کەچی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە لە ئەیلوولدا ژمارەی پێوانەیی فرۆشی مانگانەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا شکاندووە و داهاتەکەی لە سێ ملیار دۆلار زیاتر بووە.

ئاژانسەکە رایگەیاندووە،، ئێستا چین بە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێران دادەنرێت، هاوکات ئێرانیش پێگەی گەورەترین هەناردەکاری نەوتی گواستراوە لە رێگەی دەریاوە بۆ چین دەگرێت.

هاوکات ئاژانسی فارس لە زاری سەرچاوەکانییەوە هەواڵی لەکارکەوتن یان راوەستانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێرانی بەهۆی سزاکانەوە رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، ئەو دەنگۆیانە بێبنەمان و دەچنە چوارچێوەی ئەو جەنگە دەروونی و میدیاییەی کە بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا لە دژی ئێران پەیڕەوی دەکەن.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی پلاندانانی ئێران، داهاتی نەوتی وڵاتەکە تاوەکو ئێستا لە ئاستی دیاریکراوی بوجە تێپەڕیوە، ئەمەش رێگە بۆ حکوومەت خۆش دەکات بە ئاسانی کاڵا بنەڕەتییەکان هاوردە بکات و پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژە نیشتمانییەکان دابین بکات.

لە بەرامبەردا، براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی سێنتکۆم لەو پەیامە ڤیدیۆییەی ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراتەوە، دەڵێت "هێزەکانی فەرماندەیی سێنتکۆم بە درێژایی دوو مانگی رابردوو توانیویانە لە گەرووی هورمز رێگەی پارێزراو بۆ تێپەڕبوونی نەوتی خاو بکەنەوە و یەک ملیۆن بەرمیل لەم رێگەیەوە هەناردە بکرێت.

بە گوتەی کوپەر لەو ماوەیەدا رێگەی پارێزراو بۆ تێپەڕبوونی زیاتر لە هەزار کەشتی بازرگانی کراوەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵ و هەماهەنگییەکان رێکخراوە، هاوکات ئێران بەهۆی بەردەوامی گەمارۆی دەریاییەوە نەیتوانیوە یەک بەرمیل نەوت هەناردە بکات.

هەروەها رایگەیاندووە، رێڕەوە سەرەکییەکانی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز ئێستا لە هەموو جۆرە مین و تەقەمەنییەک پاککراوەتەوە.

 

 
 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news