Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئەمریکا گرێبەستێکی بەرگریی ئاسمانی 2 ملیار دۆلاری لەگەڵ ئۆکرانیا واژۆ دەکات

ئەمریکا گرێبەستێکی بەرگریی ئاسمانی 2 ملیار دۆلاری لەگەڵ ئۆکرانیا واژۆ دەکات
سیاسی
جیهان ئەمەریکا و ئۆکرانیا جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا

 ئەمەریکا رەزامەندی سەرەتایی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی کەلوپەل و کەرەستەی بەرگریی ئاسمانی بە بەهای 2.68 ملیار دۆلار بە ئۆکرانیا، ئەمەش دوای داواکارییە بەردەوامەکانی کیێڤ بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیا.

شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئاگادارییەکدا بۆ کۆنگرێس رایگەیاند: بڕیاری داوە بە پەسەندکردنی فرۆشتنێکی سەربازیی دەرەکیی بە حکوومەتی ئۆکرانیا، بە هۆیەوە رێگە بە کیێڤ دەدات کەرەستەی مۆدێرن بۆ پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان بکڕێت.

بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کیێڤ داوای کڕینی پێداویستیی سەربازیی کردووە کە چەندین جۆری مووشەک، سەکۆی هاوێشتن، راداری دژە درۆن و کەرەستەی گواستنەوە لەخۆدەگرێت، هاوکات پێویستە ئەم پڕۆژە گرێبەستە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر گرێبەستە پێشنیازکراوەکە واژۆ بکرێت، ئۆکرانیا لە رێگەی بەشداریی وڵاتانی ئەوروپا و ئەو پارەدارکردنە سەربازییە دەرەکییەی ئەمریکاوە تێچووەکەی دابین دەکات کە لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا تەرخان کرابوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەم مانگەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، داوا لە ئەوروپییەکان دەکات تێچووی ئەو هاوکارییە ئەمریکییانە بگێڕنەوە کە لە سەردەمی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشوودا پێشکەشی ئۆکرانیا کرابوون. ترەمپ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە، دەبێت وڵاتانی ئەوروپا بەشێکی گەورەتر لە تێچووی پشتیوانییەکانی رۆژئاوا بۆ کیێڤ لە ئەستۆ بگرن.

ئەم بڕیارە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆی تێچووەکەی بە 2.68 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، هاوکاتە لەگەڵ واژۆکردنی یاسایەک لەلایەن ترەمپەوە کە رێگە بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر مۆسکۆدا دەدات بە مەبەستی زیادکردنی فشارەکان لەسەر رووسیا.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا رووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی هێرشەکانی رووسیا بووەتەوە و هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتەش بەهۆی کەمیی تەقەمەنییەوە رووبەڕووی ئاستەنگی بوونەتەوە لە بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکاندا.

 
 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news