پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدکردنی رێگەی نێوان سپیلک - قەندیل بە دیزاینێکی سەردەمیانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە دەبێتە شادەماری سەرەکیی بەستنەوەی هەولێر بە ئیدارەی سۆران و دەروازە سنوورییەکان.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیەنراوێکدا گوتی، ئەم پڕۆژەیە گرنگییەکی زۆری هەیە و لە رێگەی دیزاینێکی نوێ و سەردەمیانەوە جێبەجێ دەکرێت، تێیدا کێشەی پێچەکانی سپیلک بەتەواوی چارەسەر دەکرێت. هەروەها پڕۆژەکە وەک شادەماری سەرەکیی بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەروازە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەژمار دەکرێت، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و جووڵەی بازرگانی دابین دەکات.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردن و قۆناخەکانی جێبەجێکردنی، لە هەواڵەکەدا هاتووە: "چاوەڕوان دەکرێت راستەوخۆ دوای تەواوبوونی کارەکانی تونێل و رێگەی (میڕاوە - ماوەران)، دەست بەم پڕۆژەیە بکرێت و بڕیارە کارەکانی دووسایدکردنی رێگەی سپیلک - قەندیل بە چەند قۆناخێکی جیاواز بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."




