Skip to content
krd24.netkrd24.net

بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە

بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە
ئابووری
کوردستان

ئازەر فارووق، پەیامنێری رایگەیاند، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و ئێستا 100 دۆلار بە 159 هەزار و 350 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، ئازەر فارووق گوتی: ماوەی دوو هەفتەیە بەهای دۆلار بە شێوەیەکی پلەبەندی روو لە بەرزبوونەوەیە. بە گوتەی شارەزایانی ئابووری، ئەم دۆخە مەترسیی لەسەر بازاڕ دروست کردووە و گرژییەکانی ناوچەکە و چالاکیی گرووپە چەکدارەکان هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیەن.

بەهای دۆلار پێنجشەممەی رابردوو، کاتێک بۆرسەکان داخران، 158 هەزار دینار بووە. ئەو بەهایەی ئێستا لە بازاڕدا هەیە، بەشێکی پەیوەستە بەو زانیارییانەی لە گرووپەکانی واتسئاپ و تێلگرام لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێنەوە.

ئازەر فارووق روونیکردەوە، ئەگەری هەیە ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی 160 هەزار دینار تێپەڕێنێت. هۆکارێکی دیکەی ئەم دۆخە ئەوەیە بەشێکی زۆری بازرگانان خۆیان لە سیستەمی ئەسیکۆدا تۆمار نەکردووە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بازاڕی دۆلار دروست کردووە.

نوێکراوە

هاوکات ئێستا لە بەغدا بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی 160 هەزار دیناری تێپەڕاندووە.

 

 
 

دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news