Skip to content
krd24.netkrd24.net

تورکیا بڕیارێکی دژی ئێران دا

تورکیا بڕیارێکی دژی ئێران دا
ئابووری
تورکیا بانک ئێران

دەسەڵاتدارانی تورکیا مۆڵەتی کارکردنی بانکی میللەتی ئێرانیان هەڵوەشاندەوە، هۆکاری ئەم بڕیارەش بۆ پاراستنی سەقامگیریی دارایی وڵاتەکە و خۆپاراستن لە سزاکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.

درەنگانی شەوی رابردوو (هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026)، لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردنی بانکی میللەتی ئێرانی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە بڵاوکرایەوە.

دەستەی رێکخستن و چاودێریی بانکیی تورکیا، بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکە پشتی بە ماددەی 71ـی یاسای بانکی بەستووە. دەستەکە لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، بەردەوامیی کارکردنی ئەم بانکە ئێرانییە مەترسییە بۆ سەر مافی سپێردەران و خاوەنەکانی سندووقی بەشداریکردن، هەروەها هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی سیستمی دارایی تورکیا.

ئەم هەنگاوەی ئەنقەرە تەنیا دوو هەفتە دوای ئەوە دێت ئەمریکا سزای بەسەر بانکێکی تورکیادا سەپاند. هۆکاری سزاکەی ئەمریکاش بۆ تۆمەتبارکردنی بانکە تورکییەکە بوو بە هەبوونی پەیوەندیی دارایی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران. 

بانکی میللەت یەکێکە لە ناوەندە داراییە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەت گەورەترین پشکی تێدا هەیە. ئەم بانکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ پشتیوانیی دارایی بۆ پڕۆژەکانی حکوومەتی ئێران دابین دەکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە لیستی رەشی سزاکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیادایە.

پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و ئێران بەردەوام جێگەی سەرنجی وڵاتانی رۆژئاوا بووە. لە ساڵانی رابردوودا واشنتن فشاری زۆری خستووەتە سەر ئەنقەرە بۆ ئەوەی رێگری لە پێشێلکردنی سزاکانی سەر تاران بکات لە رێگەی سیستمی بانکیی تورکیاوە. 

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news