Skip to content
krd24.netkrd24.net

بلوومبێرگ: ئارامکۆ هەناردەی نەوتی بۆ چەند پاڵاوگەیەکی ئەوروپا بۆ مانگی داهاتوو ڕاگرت

بلوومبێرگ: ئارامکۆ هەناردەی نەوتی بۆ چەند پاڵاوگەیەکی ئەوروپا بۆ مانگی داهاتوو ڕاگرت
ئابووری
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئاژانسی "بلوومبێرگ"ئاشکرای کرد، کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعوودی بە فەرمی لانی کەم دوو لە کڕیارە سەرەکییەکانی لە کەرتی پاڵاوتنی ئەوروپا ئاگادار کردووەتەوە کە مانگی داهاتوو هیچ بارێکی نەوتی خاویان پێناگات، ئەمەش دوای ئەوە هات کە هێرشی سەر هێڵی سەرەکیی بۆریی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا"هەناردەکردنی نەوتی لە دەریای سوور پەکخست.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی ئەو زانیارییانەی بلوومبێرگ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، پاڵاوگە ئەوروپییەکان بەردەوام بەپێی گرێبەستی دیاریکراو نەوتی سعوودیە دەکڕن تا بە شێوەیەکی مانگانە پشکەکانیان بەدەست بگات، بەڵام ئارامکۆ بە چەند کڕیارێکی راگەیاندووە، مانگی داهاتوو هیچ بارێکی نەوتی خاویان پێناگات.

ئەم بڕیارە بەهۆی ئەو هێرشە درۆنییانەوە بووە کە بوونە هۆی داخرانی هێڵی بۆریی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا"و زیانگەیشتن بە سێ وێستگەی سەرەکیی پەمپکردن، کە بەهۆیەوە بارکردنی نەوتی لە بەندەری یەنبوع لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور رووبەڕووی پەککەوتن کردووەتەوە.

پچڕانی لەناکاوی هەناردەی نەوتی سعوودیە وای لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەوروپا کردووە بەپەلە بەدوای سەرچاوەی بەدیلدا بگەڕێن بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی پاڵاوگەکانیان. لەو چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای "ئۆرلین"ی پۆڵەندی کە یەکێکە لە کڕیارە گەورەکان، رووی لە کڕینی نەوتی خاوی دەریای باکوور کردووە تا کورتهێنانی ئەو نەوتە قەرەبوو بکاتەوە کە بڕیار بوو لە سعوودیەوە بۆی بڕوات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی ئەوروپا لە ژێر گوشاری کەمبوونەوەی دابینکردنی وزەدان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە بلوومبێرگی راگەیاندووە، تیمی تەکنیکیی ئارامکۆ لە هەوڵدایە لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا هێڵی بۆرییەکە بە شێوەیەکی بەشەکی بخاتەوە کار، و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی شەش هەفتەدا تەواوی بۆرییەکە بە توانای تەواوی خۆیەوە بکەوێتەوە خزمەت.

هاوکات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە، ئارامکۆ هەناردەی نەوتی لە رێگەی کەنداوەوە زیاتر کردووە لە رێگەی ئەنجامدانی پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە لە ئاوەکانی کەنداوی عومان لە نزیک بەندەری سوحار، تا بەشێک لەو نەوتە بفرۆشێت کە بەهۆی پچڕانی رێڕەوی دەریای سوورەوە لە وێستگەکانی رۆژئاوا گیریان خواردووە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news