بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر رایگەیاند، بارودۆخی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان لە قۆناخێکی ئێجگار هەستیاردایە، هەربۆیە پارتی و یەکێتی لە هەموو کات زیاتر هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی حکوومەت و کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان چڕکردووەتەوە.
هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە کاتێکی دیاریکراو و کۆتایی دانەنراوە بۆ راگەیاندنی کابینەی نوێ، بەڵام هەستیاریی بارودۆخی ناوچەکە و مەترسییەکان وا دەخوازن هەموو لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کار بکەن تاوەکو بە زووترین کات حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.
باسی لەوەش کرد، دۆخی ناوچەکە و عێراق پێویستی بە دامەزراوەیەکی بەهێز و یەکگرتوو هەیە لە هەرێمی کوردستاندا تا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر دانی بەوەدا نا کە پێکهێنانی حکوومەت لە کاتی خۆیدا تا رادەیەک دواکەوتووە دوای ئەوەی هاووڵاتییان دەنگیان دا و چاوەڕوانی ئەنجامن، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پارتی و یەکێتی لەیەکتر نزیکن و پەیوەندییەکانیان ئەرێنییە.
پشتیوان سادق ئاشکرای کرد کە هەردوو لایەن هەوڵەکانیان یەکخستووە تا لە نزیکترین دەرفەتدا دەزگا شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی کارا بکەنەوە، و دڵنیاییشی دا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەواڵی خۆش و دڵخۆشکەر لەسەر رێککەوتنی کۆتایی دەگاتە سەرجەم خەڵکی کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە، رێباز بێرکۆتی، لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بناخەیەکی باش بۆ گفتوگۆی پارتی و یەکێتی هەیە و لە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجامی ئەرێنی دەبێت؛ ئاماژەشی دا، هیچ وادەیەکی کۆتایی بۆ گفتوگۆکان دیاری نەکراوە بەڵام پارتی و یەکێتی ئیرادەیەکی باشیان هەیە.




