Skip to content
krd24.netkrd24.net

رووسیا لە نێوەندی جەنگ و تەنگژەی ئابووریدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەستپێکرد

رووسیا لە نێوەندی جەنگ و تەنگژەی ئابووریدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەستپێکرد
سیاسی
جیهان

لە کاتێکدا جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا پێی ناوەتە پێنجەمین ساڵی خۆیەوە، هاووڵاتییانی رووسیا لە نێوەندی تەنگژەی سووتەمەنی، هێرشی درۆنەکان و دابەزینی ئاستی بژێویدا، روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە دوای دەستپێکردنی لەشکرکێشیی 2022، کە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت پارتی دەسەڵاتداری کرێملن بە تەواوی جڵەوی دەسەڵات بۆ خۆی بپارێزێت.

بەپێی راپۆرتی میدیا جیهانییەکان ئەمڕۆ هەینی 18ی ئەیلوولی 2026، پرۆسەی دەنگدان بۆ دیاریکردنی 450 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی خوارووی پەرلەمانی رووسیا (دۆما) هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگار بۆ 11 ناوچە و پەرلەمانی 39 هەرێم دەستیپێکرد و تا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.

لە دەستپێکی پرۆسەکەدا، کۆشکی کرێملن بڵاوکردەوە کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە شێوەی ئۆنلاین دەنگی خۆی دا. پووتین لە گوتارێکدا داوای لە زیاتر لە 111 ملیۆن دەنگدەری وڵاتەکەی کرد بە چڕی بەشداری بکەن تاوەکو رووسیا سەرکەوتنی کۆتایی لە ئۆکرانیادا دەستەبەر بکات و هێزی یەکڕیزیی نەتەوەیی بەرامبەر بە پیلانی دەرەکی پێشان بدەن.

پارتی دەسەڵاتداری "ڕووسیای یەکگرتوو"کە لە لایەن دمیتری مێدڤێدێڤەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لە لیستی کاندیدەکانیدا کەسایەتییەکانی وەک سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە، سێرگی سۆبیانین سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ، و یەڤگینی پۆدوبنی پەیامنێری سەربازیی برینداری جەنگی ئۆکرانیا لەخۆدەگرێت، بە بێ هیچ رکابەرییەکی راستەقینە لە بەردەم بردنەوەی زۆرینەی رەهای دوو لەسەر سێی کورسییەکاندایە.

بۆ یەکەمجار لە مێژووی پەرلەمانی ڕووسیادا، مۆسکۆ هەڵبژاردنی بۆ دانیشتووانی چوار ناوچە داگیرکراوەکەی ئۆکرانیا (دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن) لە پاڵ نیمچەدوورگەی کریمیادا رێکخستووە.

لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، پرۆسەی دەنگدان لە ژێر چاودێری و لولەی تفەنگی سەربازە چەکدارەکانی رووسیادا بەڕێوەدەچێت. هاوکات فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر ناوەندەکانی دەنگدان؛ بە جۆرێک لە لوهانسک بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا 14 بنکە ناچار بوون پشت بە موەلیدەی کاتی ببەستن، لە شاری هاوینەهەواری سۆچی بنکەکان بۆ ماوەیەک داخران، و لە ناوچەی کراسنۆداریش تەقینەوەی درۆن شوشەی پەنجەرەی بنکەیەکی دەنگدانی شکاند، لە کاتێکدا بەرپرسانی رووسیا باسیان لە کوژرانی بەرپرسی بنکەیەکی دەنگدان لە زاپۆریژیا کردووە.

لە کاردانەوەی ئەمەشدا، یەکێتیی ئەوروپا و حکوومەتی کێیڤ ئەم پرۆسەیەیان بە "هەڵبژاردنێکی ساختە"و پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد و رایانگەیاند، هەرگیز دان بە ئەنجامەکانیدا نانێن، بەتایبەت کە رووسیا رێگەی نەداوە هیچ چاودێرێکی نێودەوڵەتیی رێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا لە پڕۆسەکەدا ئامادە بێت.

هەڵبژاردنەکە لە کەشێکی تەواو سنوورداردا بەڕێوەدەچێت؛ دادگای باڵای رووسیا لە مانگی ئابدا پارتی لیبڕاڵی "یابلۆکۆ"ی لە کێبڕکێی گشتی دوورخستەوە بە بیانووی ئەوەی داواکارییەکەیان بۆ راگرتنی جەنگ مەترسییە بۆ سەر سەروەریی خاکی رووسیا، و سەرکردەیەکی دیاری ئەو پارتەش بە ناوی لێڤ شلۆسبێرگ زیندانی کراوە، ئەمەش وایکرد سەرۆکی پارتەکە داوای بایکۆتکردنی ئەم هەڵبژاردنە بکات.

لە هەمان کاتدا لە دوای گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤالنی لە زیندانی جەمسەری باکوور لە ساڵی 2024، یولیا ناڤالنایای هاوسەری و ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگە داوایان لە هاووڵاتییان کردووە نیوەڕۆی یەکشەممە بڕژێنە سەر شەقام و دەنگ دژ بە پارتی دەسەڵاتدار بدەن. لە بەرامبەر پارتەکەی پووتیندا، تەنیا ئەو پارتانە رێگەیان پێدراوە کە بە ئۆپۆزیسیۆنی سیستەمی دادەنرێن و تەواو پاڵپشتی لە سیاسەتەکانی جەنگدەکەن؛ لە سەروویانەوە پارتی کۆمۆنیست بە سەرۆکایەتیی گینادی زیوگانۆڤی 82 ساڵ کە رکابەری بۆ پلەی دووەم دەکات لە رێگەی راکێشانی دەنگی بەساڵاچووان، لە پاڵ پارتی ناسیۆنالیستی توندڕەو، پارتی رووسیای دادپەروەر، و پارتی "خەڵکی نوێ"کە وەک دەنگێکی تەکنۆکراتی میانڕەو هەوڵ دەدات دەنگی ئەو دەنگدەرە گەنجانە بەدەستبهێنێت کە نایانەوێت دەنگ بە پارتەکەی پووتین بدەن.

ئەم هەڵبژاردنە هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی شڵەژانێکی گەورە لە ئابووریی رووسیادا؛ هێرشی بەردەوامی درۆنەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکان بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی کەمیی سووتەمەنی لە سەرتاسەری وڵاتدا، لە پاڵ لێدانی کۆگاکانی بازرگانیی ئۆنلاینی وەک "ئۆزۆن و وایڵدبێریز"کە جەنگەکەی راستەوخۆ گەیاندووەتە ماڵی هاووڵاتییان.

لەگەڵ ئەوەی هاووڵاتییان بە دەست گرانی، سزاکانی رۆژئاوا، و بەرزبوونەوەی سوودی بانکییەوە دەناڵێنن و بەشێکیان داوای ئاشتی و گەڕانەوەی سەربازەکانیان دەکەن، بەڵام گەورەترین ترسی شەقامی رووسیا ئەوەیە کە دەستبەجێ دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، پووتین قۆناخێکی نوێی سەربازیی زۆرەملێ هاوشێوەی پایزی 2022 رابگەیەنێت بۆ ناچارکردنی سەدان هەزار گەنج تا پەیوەندی بە بەرەکانی جەنگەوە بکەن.

بڕیاریشە ئەنجامە بەراییەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە کاتژمێر شەشی ئێوارەی یەکشەممە بە کاتی گرێنچ ئاشکرا بکرێن و رۆژی دووشەممە تەواوی کورسییەکان یەکلا بکرێنەوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news