Skip to content
krd24.netkrd24.net

دوای 10 ساڵ؛ ئاسمانی عێراق بە تەواوی بۆ فڕۆکەوانیی مەدەنی دەکرێتەوە

دوای 10 ساڵ؛ ئاسمانی عێراق بە تەواوی بۆ فڕۆکەوانیی مەدەنی دەکرێتەوە
سیاسی
عێراق

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، سەرجەم ناوچە قەدەخەکراوەکانی فڕینی سەربازی لە بەشی رۆژئاوای وڵات هەڵگیراون و رادەستی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی کراونەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێکارەکانی وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی کایەی ئاسمانی هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە فەرمی کۆتاییهاتنی قەدەخەی فڕینی لە سەرانسەری بەشی رۆژئاوای وڵات لە باکوورەوە تا باشوور راگەیاند، کە لە ساڵی 2016 و لە کاتی شەڕی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەرخانکرابوو.

بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، تەواوی ئەو ناوچانەی پێشتر بۆ سوپا و فڕۆکە سەربازییەکان تەرخان کرابوون، رادەستی کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و کەشتیوانیی ئاسمانی کران تا لەمەودوا بۆ گەشتە مەدەنییەکان و فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکان بەکاربهێنرێن.

ئیهاب سەعد کەریم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و کەشتیوانیی ئاسمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، تیمی بەڕێوەبردنی کایەی ئاسمانی لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان پشتڕاستی کردووەتەوە کە کایەی ئاسمانیی رۆژئاوای عێراق چیتر بۆ مەبەستی سەربازی بەکارناهێنرێت.

ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دەستکەوتە گرنگە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەدیهاتووە و نەرمی و ئازادییەکی فراوانتر دەبەخشێتە هێڵەکانی گواستنەوە بۆ کێشانی رێڕەوی نوێی فڕین، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی ئاسمانی، زیادبوونی داهاتی دارایی دەوڵەت و پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی.

لە لایەکی دیکەوە، حوسێن ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رۆیتەرزی راگەیاند، سەرجەم رێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان تاوەکو یەکی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو بە تەواوی کۆتاییان دێت.

روونی کردەوە، هەڵگرتنی ئەم کۆتوبەندە ئاسمانییانە و وەرگرتنەوەی تەواوەتیی کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق لە لایەن دەسەڵاتی مەدەنییەوە، لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە خاکی عێراق و رادەستکردنەوەی تەواوەتیی سەروەریی ئاسمانی وڵات بە دەسەڵاتدارانی شەرعیی عێراق دێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news