خواست لەسەر هەڵبژاردنی وانەی بژاردەی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانیش، تەنیا لە پارێزگای دیاربەکر پێویستی بە دامەزراندنی زیاتر لە 100 مامۆستای زمانی کوردی هەیە تا کەموکوڕییەکان پڕبکرێنەوە.
ڕەمەزان تەکدەمیر، سەرۆکی لقی دیاربەکری سەندیکای پەروەردەکاران رایگەیاند؛ ژمارەی ئەو قوتابییانەی لە قوتابخانەکاندا وانەی بژاردەی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە، لە 59 هەزارەوە بۆ 86 هەزار قوتابی زیادی کردووە. ئاماژەی بەوەش دا ئەم هەڵکشانە ئاماژەیەکی روونە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و بایەخدانی زیاتری خێزانەکان بە زمانی دایک.
سەبارەت بە کەمیی ژمارەی مامۆستایانیش، تەکدەمیر ئاشکرای کرد: لە سەرتاسەری تورکیادا لە کۆی 153 مامۆستای دامەزراوی زمانی کوردی، تەنیا 42 مامۆستایان لە دیاربەکر دەستبەکارن، لە کاتێکدا بەپێی بەدواداچوونەکان، لە ئێستادا تەنیا دیاربەکر پێویستی بە زیاتر لە 100 مامۆستای دیکەی زمانی کوردی هەیە تا وەڵامدەرەوەی داواکاریی قوتابییان بێت.
سەرۆکی لقی سەندیکای پەروەردەکاران جەختی لەوەش کردەوە، کە خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سەرەتایی، سروشتی و بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە، هاوکات داوای کرد کۆتایی بە بەستنەوەی پرسی زمانی دایک بە ململانێ و پرسە سیاسییەکان بهێنرێت.
رەمەزان تەکدەمیر گوتیشی: دەبێت پرسی فێرکاری و مسۆگەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک، وەک پرسێکی مرۆیی و دەستووری تەماشا بکرێت و لەلایەن پەروەردەکاران و پسپۆڕانی بوارەکەوە یەکلایی بکرێتەوە، نەک لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە.




