Skip to content
krd24.netkrd24.net

دەیڤد ئیڤانز: ژیریی دەستکرد هەرگیز نابێتە خاوەنی خۆشەویستی، خەیاڵ و دانایی

دەیڤد ئیڤانز: ژیریی دەستکرد هەرگیز نابێتە خاوەنی خۆشەویستی، خەیاڵ و دانایی
سیاسی
کوردستان

جێگری سەرۆکی زانکۆ ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بۆ کاروباری ئەکادیمی لە گوتارێکدا لە ئاهەنگی دەرچووانی ساڵی 2026، ستایشی لێهاتوویی و خۆڕاگریی قوتابییانی کرد و لە شیکارییەکی فەلسەفیدا سەبارەت بە تەکنۆلۆژیا ڕایگەیاند، سەرەڕای گرنگیی زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی فێربووندا، بەڵام ئەو تەکنۆلۆژیایە هەرگیز ناتوانێت جێگەی هەست و خەیاڵ و دانایی مرۆڤ بگرێتەوە.

پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، دکتۆر دەیڤد ئیڤانز، جێگری سەرۆکی زانکۆ ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک لە دەستپێکی گوتارەکەیدا بە گەرمی پێشوازیی لە سەرکردە سیاسییەکان، وەزیران، دیپلۆماتکاران، پەرلەمانتاران و دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکە کرد و ڕێزێکی تایبەتی لە دایک و باوک و خێزانی دەرچووان نا، داواشی لە دەرچووان کرد ڕوویان لە کەسوکاریان بکەن و چەپڵەی ڕێز و وەفادارییان بۆ لێبدەن بەرامبەر ئەو ساڵانەی کە هاوکارییان کردوون تا بگەنە ئەم ئاستە.

ئیڤانز ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە تەنیا دوازدەیەمین ڕۆژی دەستبەکاربوونییەتی لە زانکۆی ئەمریکی، بەڵام لەو ماوە کورتەدا بە تەواوی سەرسام بووە بە بەهرە و توانای کۆڵنەدانی قوتابییانی زانکۆکە، لە پاڵ ئەو میواندۆستی و هەڵسوکەوتە بەڕێزەی کە وەک کەسێکی تازەهاتوو لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە لێی کراوە.

جێگری سەرۆکی زانکۆ لە بەشێکی گوتارەکەیدا سەرنجی خستە سەر فەلسەفەی فێربوون لەسەر بنەمای مۆدێلی "زانستە ئازادەکان"کە ڕەگەکەی بۆ فیکری یۆنانی کۆن و وشەی لاتینی "ئازادی"دەگەڕێتەوە.

ئیڤانز ڕوونی کردەوە کە ئەم جۆرە خوێندنە دەرفەت دەدات بە فێرخوازان تا لە ڕێگەی بوارە جیاوازەکانەوە لە جیهان تێبگەن و توانای شیکردنەوەی داتا و گوتارە جیاوازەکانیان هەبێت، کە ئەمەش مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی هەر تاکێک بتوانێت وەک هاووڵاتییەکی ئازاد، بیرکەرەوە و لێهاتوو بڕیاری دروست بەرامبەر بە ئاڵنگارییە سەردەمییەکان بدات و لە نێو کۆمەڵگەکەیدا سەرکەوتوو بێت.

سەبارەت بە شۆڕشی ژیریی دەستکرد (AI)، ئیڤانز دووپاتی کردەوە، زانکۆی ئەمریکی تەواو پابەندە بە ئامادەکردنی قوتابییان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تەکنۆلۆژیایەدا، بەڵام هۆشداری دا لەوەی کە دەرهاویشتەکانی زیرەکیی دەستکرد بە بیرکردنەوەی ڕاستەقینەی مرۆڤ تێکنەدرێت.

ڕاشیگەیاند، ئەو کارەی زیرەکیی دەستکرد دەیکات لە ڕواڵەتدا لە بیرکردنەوە دەچێت بەڵام لە بنەڕەتدا بیرکردنەوە نییە، چونکە بێبەشە لە ئیلهام، خەیاڵ و حەزی خزمەتکردن، و سندووقەکەی هەرچەندە گەورەش بێت، هەمیشە لە نێویدا بە بەستراوەیی دەمێنێتەوە.

گوتی: ژیریی دەستکرد هەرگیز ناتوانێت عاشق بێت، ماتەم بگێڕێت، ببێتە پاڵەوان، خەیاڵ بکات، و لە هەمووی گرنگتر هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی "دانایی"یان حیکمەت، کە یۆنانییە کۆنەکان ناویان لێنابوو (سۆفیا) و لە فەلسەفەی زانستە مرۆییەکاندا بە لووتکەی دەستکەوتی مرۆڤ دادەنرێت.

دکتۆر ئیڤانز داوای لە دەرچووان کرد کە بۆ هەموو تەمەنیان لە بیرکردنەوەی خۆیاندا وەک فێرخواز بمێننەوە، و هەوڵ بدەن ئەو کارانە ئەنجام بدەن کە ژیریی دەستکرد لە توانایدا نییە بیکات؛ هانی دان هەمیشە بەدوای دادپەروەری و کاری ڕاستدا بڕۆن، بەهێز، خۆڕاگر و میهرەبان بن، و لە هەموو هەنگاوێکیاندا بەدوای دانایی و جوانیی ڕاستەقینەدا بگەڕێن تاوەکو لە گۆڕانکارییە خێراکانی جیهاندا ڕۆڵی بنیاتنەر بگێڕن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news