Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئەمریکا فڕۆکەی جەنگیی ئێف-35 بە سعوودیە دەفرۆشێت

ئەمریکا فڕۆکەی جەنگیی ئێف-35 بە سعوودیە دەفرۆشێت
سیاسی
جیهان فڕۆكه‌ی ئێف-35 سعوودیە ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "ئێف-35 لایتنینگ 2"بە شانشینی عەرەبیی سعوودیە راگەیاند.

پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە، بەهای گرێبەستی فرۆشتنی ئەو فڕۆکە جەنگییانە بە 24.3 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، و ئاماژەی بەوەش کرد ئەم مامەڵەیە لەگەڵ سعوودیە، بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی ئاسایشی هاوپەیمانێکی سەرەکیی واشنتن لە ناوچەکەدا.

هەروەها وەزارەتەکە باسی لەوە کرد، فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35 بە سعوودیە، تواناکانی ئەو وڵاتە بۆ بەرپەرچدانەوە و پێشگرتن لە هەڕەشەکان لە ئێستا و داهاتوودا بەهێزتر دەکات.

ئەم گرێبەستە لە کاتێکدایە، پێشتر ریاز داوای لە واشنتن کردبوو پاڵپشتیی بکات لە شەڕی دژ بە حووسییەکان لە یەمەن، لەو چوارچێوەیەشدا محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردبوو کە هێرشی سەربازیی راستەوخۆ بکاتە سەر حووسییەکان، بەڵام ترەمپ ئەو داوایەی رەتکردەوە و پێشکەشکردنی هاوکاریی هەواڵگری و سەربازیی ناڕاستەوخۆی بە باشتر زانیبوو، بە مەبەستی خۆبەدوورگرتن لە تێوەگلانی راستەوخۆ لە شەڕەکەدا.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدا دێت، چەکدارانی حووسی لە کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن پێشڕەوی دەکەن و لە گەرووی بابولمەندەب نزیک دەبنەوە، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانیان بۆ ناو خاکی سعوودیە.

 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news