ئەندامی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رایگەیاند، زانکۆکە لە دوازدەیەمین ساڵی کارکردنیدا 122 قوتابیی نوێی پێشکەش بە بازاڕی کار کردووە، هاوکات پلانی فراوانکردنی کەمپەسەکەی خستەڕوو کە دروستکردنی کۆمەڵگەی وەرزشی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کۆلێژی پزیشکی لەخۆدەگرێت.
پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، هونەر عیسا، ئەندامی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان ئاهەنگی دەرچووانی ئەم خولەی بە وێستگەیەکی چارەنووسساز و پڕ لە شانازی لە مێژووی زانکۆکەدا وەسف کرد، کە تیایدا 122 قوتابی بڕوانامەی دەرچوونیان بەدەستهێناوە و 117 قوتابیان چوونەتە سەر سەکۆی مەراسیمەکە.
هونەر عیسا بەی راگەیاند، فەلسەفەی سەرەکیی زانکۆی ئەمریکی لەسەر بنەمای فێربوونی ئەزموونی و مەیدانییە بە شێوەیەکی پراکتیکی، تاوەکو دەرچووان لە کاتی تەواوکردنی خوێندندا بە تەواوی ئەو کارامەیی و لێهاتووییانە پڕچەک بن کە لە بازاڕی کاردا داواکارییان لەسەرە، لە پاڵ چاندنی رۆحیەتی سەرکردایەتی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێو بیرکردنەوەیاندا.
ئەندامی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکە باسی لە قۆناخەکانی گەشەکردنی زانکۆ کرد لە ساڵی 2014 تەنیا پێنج بەشی ئەکادیمییان هەبوو، ئاماژەی دا لە ساڵی 2024 و یادکردنەوەی دەیەمی دامەزراندنی وەرچەرخانێک بوو بۆ بەدامەزراوەییکردنی زانکۆ، بە جۆرێک ئێستا خاوەنی هەشت بەشی بەکالۆریۆسە لە چوار کۆلێژی جیاوازدا لەوانە پەرستاری، ئەندازیاریی نەوت، ئەلیکترۆن و پەیوەندییەکان، تەلارسازی، زانستی کۆمپیوتەر و ئاسایشی دیجیتاڵی، دیزاین، خوێندنی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی کار.
هەروەها گوتی: دوابەدوای سەرکەوتنی گەورەی پرۆگرامی ماستەر لە بواری زیرەکیی دەستکرد (AI)، زانکۆی ئەمریکی لە هەوڵدایە بۆ پاییزی 2027 چەندین پرۆگرامی نوێی خوێندنی باڵا و ماستەری دیکە بەپێی خواستی بازاڕی کار بخاتە خزمەتەوە.
ئەندامەکەی دەستەی ئەمینداران ئاماژەی بە تەواوبوونی بەشی ناوخۆیی نوێی کوڕان کرد کە بڕوانامەی زێڕینی نێودەوڵەتیی ژینگەدۆستیی (LEED Gold) لە ئەمریکاوە بەدەستهێناوە، وەک بەڵگەیەک لەسەر پابەندبوونی زانکۆکە بە مەرجە سەردەمییە ژینگەییەکان.
هاوکات هونەر عیسا بۆ ئاشکرای کرد، ئێستا کارکردن لەسەر پڕۆژەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێی وەرزشی لە ناو زانکۆدا بەردەوامە، لە پاڵ پلانی فراوانکردنی کۆلێژی ئەندازیاری و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی پێویست بۆ هەنگاوی داهاتوو کە بریتییە لە دامەزراندنی کۆلێژی پزیشکی، بە ئامانجی وەڵامدانەوەی پێداویستییە نوێیەکانی کۆمەڵگە و پاڵپشتیکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان.




