سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساس، لە میانەی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان، گوتی، خۆشحاڵم بە ئامادەبوونم لەم بۆنە پیرۆزە، ئەمە بەرهەمی ساڵانێک هەوڵ و ماندووبوونی کۆمەڵە گەنجێکە لە کوردستان و عێراق، کە لە داهاتوودا دەبنە بنیادنەر و بەرپرسیاری وڵاتەکەمان.
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساس، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، لە میانی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان رایگەیاند، لە کاتێکدا وڵاتەکەمان رووبەڕووی چەندان ئاڵەنگاریی ناوخۆیی و هەرێمی بووەتەوە، بەڵام هێشتا بە هەبوونی کەسانێک کە لە خەمی داهاتووی وڵات و نەوەکانیدان، هیوایەک هەیە بۆ دووبارە بوژانەوە و پێشکەووتنی ژیان و دۆخی وڵاتەکەمان، گوتیشی،” ئێوە ئەمڕۆ تەنها بڕوانامە وەرناگرن، بەڵکو بەرپرسیارییەتی نیشتمانی هەڵدەگرن، چونکە ئەم سەرکەوتنەتان دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئێوە ببن بە بەرپرسیار و کەسانی شارەزا بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵەنگارییەکانی حکوومەت و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی لە کوردستان و عێراق”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا موحسین مەندەلاوی گوتی:” ئەمڕۆ لە بەردەم دەرفەتێکی مێژوویداین، بۆ بنیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر، دەوڵەتێک کە سەروەری یاسا و دادپەروەری بنەمای حکومڕانی بێت، گوتیشی:” پاڵپشتی ئەو هەنگاوانە دەکەین لە حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ بە ئامانجی چاکسازیی بە تایبەت لە رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی و کۆنتڕۆلکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، هەروەها جەخت لە چاکسازی لە بواری ئابووریی و کارگێڕی دەکەینەوە و هانی وەبەرهێنان و رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام دەکەینەوە کە تیایدا هەلی کار و ئاسایشی هاووڵاتییان پارێزراو بێت”.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساس گوتی: عێراق و هەرێمی کوردستان پێوستی بە گەنجانی وەکو ئێوە هەیە تا گۆڕانکاریی گەورە و ریشەیی دروست بکەن، گوتیشی:”ئەو هەنگاوەش بە ئێوە دەکرێت، چونکە ئێوە لەوە تێدەگەن کە کات بەرپرسیارێتییە و زانست پێشکەوتنە، بۆیە دەتوانن بەشێک بن لە پێشکەوتن و گەشەپێدانی نیشتمان و داهاتووی وڵات”.




