Skip to content
krd24.netkrd24.net

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: نزیکەی 20 ملیۆن کەس لە یەمەن پێویستیان بە هاوکارییە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: نزیکەی 20 ملیۆن کەس لە یەمەن پێویستیان بە هاوکارییە
ژیان
جیهان رێکخراوی تەندروستی جیهانی یەمەن

 بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، هۆشداریدا لە بڵاوبوونەوەی مەترسیداری بەدخۆراکی، کۆلێرا لە یەمەن و رایگەیاند، نزیکەی 20 ملیۆن کەس لەو وڵاتەدا پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتەکە توندترین شەپۆلی پەرەسەندنی سەربازی بەخۆیەوە دەبینێت لە دوای شکستهێنانی ئاگربەستەکەی ساڵی 2022ـوە.

پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، تیدرۆس ئەدهانۆم گێبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"رایگەیاند: "توندوتیژییەکان لە یەمەن روو لە هەڵکشانن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەوتنەوەی قوربانیی زیاتر و ئاوارەبوونی هاووڵاتییان، هەروەها سیستەمی تەندروستیی وڵاتەکە کە خۆی لە بنەڕەتدا لەرزۆکە، بەرەو لێواری داڕمان دەبات، رایگەیاندووە، نزیکەی 20 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی تەندروستی هەیە، لە کاتێکدا تەشەنەسەندنی کۆلێرا، سورێژە، ئیفلیجیی منداڵان و تای دێنگ، لەگەڵ کێشەی بەدخۆراکی، هەڕەشە لە ژیانی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک دەکەن."

بەڕێوەبەری رێکخراوەکە جەختیشیکردەوە: "رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پاڵپشتی لە وەزارەتی تەندروستی و هەوڵە مەیدانییەکان دەکات، بەڵام رێگرییەکانی بەردەم گەیشتن بە ناوچەکان و کەمبوونەوەی بودجە بە شێوەیەکی بەرچاو سنوور بۆ کارەکانمان دادەنێن. بۆیە داوا دەکەین کارمەندانی تەندروستی و دامەزراوە تەندروستییەکان بپارێزرێن، رێگەی سەلامەت و بێ کۆسپ بۆ هاوبەشانی مرۆییەکان دەستەبەر بکرێت، و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەم پێداویستییە خێرایانە زیاد بکرێن. ئاشتی باشترین دەرمانە."

شایەنی باسە، لە سەرەتای مانگی تەممووزی رابردووەوە پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان حوسییەکان و هێزەکانی حکوومەتی یەمەن بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی عەرەبی رووی لە زیادبوون کردووە و لە 3ـی ئەیلوولەوە ئاڵۆزییەکان توندتر بوونەتەوە. بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 125 هەزار کەس لەو وڵاتەدا ئاوارە بوون.

 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news