سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ئیمانویێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە هەولێر کرد؛ کونسوڵ جەخت لە بەردەوامیی پەیوەندییە مێژووییەکان کردەوە و لە دیدارەکەشدا ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کرا.
ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز ئیمانویێل مینیۆ كونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لە هەولێر كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. هەروەها جەنابی سەرۆك باسی لە چەندین وێستگەی گرنگی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسا دا و ئەو پەیوەندییانەی بە دۆستانە و پتەو وەسف كرد.
كونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لە هەولێریش جەختی لەوە كردەوە كە ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییە مێژووییە بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدات لەسەر ڕێچكەی كونسوڵەكانی پێشووتر لە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جۆراوجۆرەكان كار بكات.
هەر لەو دیدارەدا دوایین پەرەسەندنەكان و بارودۆخی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و هەروەها بابەتی كۆتایهاتنی ئەركی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق خرایە بەرباس و گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی بۆ كرا.




