Skip to content
krd24.netkrd24.net

دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا رێنمایی نوێ بۆ رزگاربووانی ئێزدی دەردەکات

دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا رێنمایی نوێ بۆ رزگاربووانی ئێزدی دەردەکات
سیاسی
عێراق رزگاربووانی ئێزدی نەینەوا

دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا، سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فەرمانێکی فەرمیی ئاراستەی سەرجەم دادگا و دەسەڵاتە دادوەرییەکانی سەر بەم سەرۆکایەتییە کرد، بەمەبەستی رەخساندنی زۆرترین ئاسانکاری و رەچاوکردنی تایبەتمەندیی رزگاربووانی ئێزدیی لە کاتی تۆمارکردنی گوتەکانیان.

رۆژی 15ـی ئەیلوولی 2026، رائید حەمید موسڵیح، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا بە واژۆی خۆی ئەم فەرمانەی دەرکردووە بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، لە ناوەڕۆکی فەرمانەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پشتبەستن بە یاسای رزگاربووانی ئێزدی ژمارە 8ـی ساڵی 2021ـە، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ناو یاساکەیە کە پێویستە دادگاکان لە کاتی وەرگرتنی گوتەی رزگاربووان، دۆخ و تایبەتمەندیی ئەو کەسانە لەبەرچاو بگرن.

فەرمانەکە جەخت لە چەند خاڵێکی گرنگ دەکاتەوە:

-تایبەتمەندی و ئازادی لە دەربڕیندا، بە جۆرێک پێویستە لە کاتی وەرگرتنی گوتەی رزگاربووەکان، تەواوی بوار و تایبەتمەندییان پێ بدرێت و بە تەنیا و بێ ئامادەبوونی کەسانی دیکە گوتەکانیان تۆمار بکرێت.

-رەچاوکردنی دۆخی دەروونی، بەوپێیەی لە قۆناخەکانی پێشوودا، بەهۆی سەختیی دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، ژمارەیەک لە رزگاربووان نەیانتوانیوە ناوی ئەو کەسانە بهێنن کە تاوانیان بەرامبەر ئەنجام داون. ئێستا پێویستە دەرفەتی تریان بۆ بڕەخسێندرێت و هاوکاری بکرێن بۆ ئاسانکاری لە رێکارە دادوەرییەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆیان.

لە 3ـی ئابی 2014، رێکخراوی داعش هێرشی کردە سەر شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوان دژی ئێزدییەکان کرا و هەزاران ئافرەت و منداڵ رفێنران، هەروەها رووبەڕووی توندوتیژیی دەروونی، جەستەیی بوونەوە.

پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان، یاسای رزگاربووانی ئێزدی (ژمارە 8)ـی پەسەند کرد. ئەم یاسایە مسۆگەرکردنی دارایی، پێدانی مووچەی مانگانە و دابینکردنی چاودێریی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ رزگاربووان لەخۆ دەگرێت.

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بەسەر ئەوە، زۆرێک لە ئافرەتە رزگاربووەکان لە کاتی بەدواداچوونی دۆسییەکانیان لە دادگاکان، بەهۆی سەختیی دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە کە لە سەردەمی دەستدرێژییەکانی داعشدا تووشی بوون، نەیانتوانیوە لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا ناوی تەواوی تاوانباران و بکەرانی ئەو تاوانانە ئاشکرا بکەن.

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مینحەیەکی مانگانەی بۆ رگاربووانی ئێزدی تەرخانکردووە مانگانە پێیان دەدرێت.

 
 
 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news